وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە فەرمانێك سەرجەم فەرمانگەو جومگەكانی سەربە
وەزارەتەكە لەڕۆژۆی پێنجشەممەی داهاتوەوە دەخاتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ئاوێنە: بەپێی بەڵگەنامەیەك كە لەلایەن ماڵپەڕی "سومەریەنیوز"ەوە
بڵاوكراوەتەوە بەڵگەنامەكە فەرمانێكی وەزیری ناوخۆی نیشان دەدات كە ئاڕاستەی
سەرجەم جومگەكانی وەزارەتەكەی كردوە بۆ ئەوەی لە سەعات 8ی سەرلەبەیانی رۆژی
پێنجشەممە 24ی تشرینی یەكەمەوە تا كاتێكی نادیار بخرێنە ئەوپەڕی حاڵەتی
ئامادەباشییەوە.
بەڵگەنامەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە سەرجەم جومگەگانی وەزارەتەكە دەخرێنە
حاڵەتی "ئینزاری (ج)" كە
ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییە بە رێژەی لەسەدا سەد.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە بە گوێرەی بەیاننامەی دەستەی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکانی
عێراق وابڕیارە ڕۆژی 25ی ئەم مانگە خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و شار و شارۆچکەکانی دیکەی
عێراق دەستپێبکەنەوە.
دوێنێش موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە لایەنگرانی كرد بەدەم
داواكاری دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكانەوە لە رۆژی هەینی داهاتودا بچن.