سەركردەیەكی پارتی: تورکیا ناتوانێ ئەو بەرنامە چەپەڵەی بۆ رۆژاڤا دایناوە جێبەجێ بکات
  2019-10-21       2504       

سەركردەیەكی پارتی دەڵێت، توركیا ناتوانیت ئەو بەرنامە چەپەڵەی بۆ رۆژئاوای كوردستان دایناوە جێبەجێی بكات و بەرگری قارەمانانەی شەڕڤانان پلانەكەی توركیای پوچەڵ كردۆتەوە. پێشی وایە هەولێر دەتوانێت ئەزمونی رۆژئاوا بپارێزێت.

ئاوێنە: ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمشەو(دوشەممە)،  لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك، سەبارەت بە هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، نوسیویەتی"ھێرشی تورکیا بۆ سەر خاکی ڕۆژاڤا بۆ ھەمو کوردێک خەمناک بوە، دیمەنی قوربانییانی سڤیل بە دەستی تورکەکان جارێکی تر ئازارەکانمانی دوبارەکردەوە و بەمەش ھەستی رەشبینی لە ناو بەشێک لە خەڵکی کوردستان بڵاوبۆتەوە."

وتوشیەتی"خەڵکانێک (شارەزاو نەشارەزا) بە نوسینەکانیان بونەتە ھۆی بڵاوبونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەسەر داھاتوی کورد نەك تەنیا لە ڕۆژاڤا بەڵکو لەباشوریش. بەشێکی ئەم نوسینانە لەبەر پەرۆشی و دڵسۆزی ئەم خەڵکەیە بەڵام لە زانینیان نییە."

ئەو سەركردەیەتی پارتی بڕوای وایە، "راستە ئەم شەڕە کارەساتبار بوە بەڵام دۆزی کورد ئەمڕۆ لە ھەمو دونیا دەنگی داوەتەوە و کورد وەک ھاوپەیمان حسابی بۆ دەکرێت."

هەروەك پێشی وایە" تورکیا ناتوانێ ئەو بەرنامە چەپەڵەی بۆ ڕۆژاڤا دایناوە جێبەجێ بکات و بەرگری قارەمانانەی شەڕڤانان پلانەکەی تورکیای پوچەڵ کردەوە و ھەمو دونیای ھێنایە دەنگ."

جەختیشی كردۆتەوە"پلانی ناوچەکە ھەرچییەک بێت ناتوانێت کار لە داھاتوی باشوری کوردستان بکات."

ئەو سەركردەیەی پارتی دڵنیاشە كە "نە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و نە ئاڵۆزییەکانی بەغدا ھیچ کامیان نابنە مەترسی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان."و وتوشیەتی"ئێستا سەرکردایەتی سیاسی ھەرێمی کوردستان لە ھەمو دونیا گوێی لێدەگیرێت و ھەولێر نەك تەنیا چارەسەری بۆ ھەرێم ھەیە بەڵکو ئەزمونی ڕۆژاڤاش دەپارێزێت."

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×