2019-10-22   1817     
ئۆفرا بێنجیۆ
به‌بۆچونی د. ئۆفرا بێنجیۆ لێکۆڵەری باڵا لەناوه‌ندی موشی دایان لەتەلئەبیب، كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ڕۆژئاوای كوردستان-باكوری سوریا‌و هێرشه‌كانی توركیا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئیسرائیل‌و وڵاتانی دیكه.
ئاوێنه: د. ئۆفرا بێنجیۆ، به‌ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاندووه، ئەوەی ئێستا لەسوریا ڕودەدات مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، نەک هەر تەنها ئیسرائیل، بەڵکو بۆ عەرەبستانی سعودیه‌و وڵاتانی دیكه‌ش.
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه مەترسییەكان لەپەیامە دو ڕه‌هه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاو ئەوروپاوە سەرچاوە دەگرن-بانێک‌و دو هەوا.
ناوبراو ده‌ڵێت، پەیامەکانی ئەوروپاو ئەمریکا دو جەمسەرەن، بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکكۆماری تورکیا لاوازی نیشاندەدەن، وەک ئەوەی بگوترێت سه‌ركرده‌یه‌ك نەماوە لەناوچەکەدا.
به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان- باكوری سوریا، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، هەردو سەرۆکی ڕوسیا‌و تورکیا لەسوچی کۆبونەوەو هێشتا ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كه ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ڕێككه‌وتنی مۆسكۆ‌و ئه‌نكه‌ره، جەنگیز چاندار، نوسەرو ڕوناکبیری تورک دەڵێت، لەئێستادا هەمو ئەگەرەکان کەوتونەتە سەر ئەوەی ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا چەندێک دەرفەت بەتورکیا دەدات تا ئەو پلانەی بۆ ناوچه‌ی ئارام جێبەجێبکات.
ناوبراو رونیده‌كاته‌وه كه هێشتا نازانرێت ئایا سەرۆکی ڕوسیا هاوشێوەی دۆتاڵد ترامپ هەمو دەروازەکان بۆ سەرۆکی تورکیا دەکاتەوە یان نا.
چاندار بەدوریشی نازانێت پوتن‌و ئەردۆگان، دۆسێی کورد لەسوریا ببەستنەوە بەیەکلاکردنەوەی قەیرانی ئیدلب.