روسیا: شەڕڤانان لەو ناوچانەی رێككەوتنی لەسەر كراوە نەكشێنەوە روبەڕوی هێرشی توركیا دەبنەوە
  2019-10-23       2233       

دیمیتری پیسکۆف، وتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا رایگەیاند، ئەگەر شەڕڤانانی كورد لەو ناوچانەی باكوری سوریا نەكشێنەوە كە مۆسكۆ و ئەنكەرە لەسەری رێككەوتون ئەوا روبەڕوی هێرشی توركیا دەبنەوە.

ئاوێنە: دیمیتری پیسكۆف، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، لە حاڵەتێكدا شەڕڤانانی كورد لەو ناوچانە نەكشێنەوە ئەوا پۆلیسی سەربازی روسیاو پاسەوانی سنوری سوریا ناچاردەبن بكشێنەوەو شەڕڤانان روبەڕوی گورزی توركیا ببنەوە.

سەبارەت بە بەیاننامەیەكی جێمس جیفری، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا، كە رایگەیاندبو گومان دەكەن كوردەكان لەو ناوچانەی نێو رێككەوتنەكە بكشێنەوە، پێسكۆف لە لێدوانەكەیدا وتی"ئەمریكا نزیكترین هاوپەیمانی كوردەكان بو لەماوەی چەند ساڵی رابردودا. بەڵام ئەمریكا دەستبەرداری كوردەكان بو كە لەراستیدا خیانەتی لێكردن."

پیسكۆف وتی"ئێستاش ئەمریكییەكان پێیان باشە كوردەكان لەسەر سنور جێبهێڵن و ناچاریان بكەن شەڕی توركیا بكەن."

بەپێی رێككەوتنەكەی دوێنێی نێوان روسیاو توركیا، ئەو ناوچانەی لەمیانی ئۆپەراسیۆنەكەیدا توركیا چۆتە ناویان وەك خۆیان دەمێننەوە كە سەرێكانی و گرێسپی لەخۆدەگرێت.

هەر بەپێی رێككەوتنەكە لە سەعات 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممەوە، پۆلیسی سەربازی روسیاو پاسەوانی سنوری سوریا دەچنە ناوچە سنورییەكانی سوریا لەگەڵ توركیا لە دەرەوەی ناوچەكانی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بەمەبەستی ئاسانكاری بۆ چونە دەرەوەی شەڕڤانانی یەپەگەو دورخستنەوەیان بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر لە سنوری نێوان سوریاو توركیا و ئەو پڕۆسەیەش پێویستە لەماوەی 150 سەعاتدا كۆتایی پێبێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×