سلێمانی.. دوای 23 ساڵ لەسەر كوشتنی هاوڵاتییەك دو تۆمەتبار دەستگیردەكرێن
  2019-10-23       2818       

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی كۆشتنی هاوڵاتییەك لەساڵی 1996، هێزەكانیان توانیویانە دو تۆمەتبار دەستگیربكەن كە لەدوای روداوەكە بۆ دەرەوەی وڵات هەڵهاتبون بەڵام لە رۆژانی رابردودا گەڕاونەتەوە سلێمانی.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئێوارەی ڕۆژی 20-7-1996 ، هاوڵاتی (ع. م. ق.) لەدایكبوی 1969، لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە شەقامی سالم لە شاری سلێمانی لەلایەن چەند كەسێكەوە بە بەبەردو چەقۆ لێیدەدرێت و دەكوژرێت و تۆمەتباران هەڵدێن بەرەو دەرەوەی وڵات، دادوەر پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران دەكاتەوەو بڕیاردەدات بەدەستگیركردنیان بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی .

پۆلیسی سلێمانی هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لە ڕۆژی 14-10-2019 هێزەكانی پۆلیس زانیارییان پێگەیشت لەبارەی هەردو تۆمەتبار كە گەڕاونەتەوە شاری سلێمانی، هێزەكانی پۆلیس گەڕان و بەدواداچونەكانیان دەستپێكردو توانرا تۆمەتباران (د. ع. ع. لەدایكبوی 1976و أ. ر. ع. لەدایكبوی 1979) لەشاری سلێمانی دەستگیربكرێن .

ئەوەشی خستۆتەڕو، لە ئێستادا بەفەرمانی دادوەر هەردو تۆمەتبار ڕاگیراون و لەلایەن بنكەی پۆلیسی رزگارییەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوەو لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×