مەسعود بارزانی: نابێت ئۆباڵی هەڵەكانی رابردو بخرێنە ئەستۆی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی
  2019-10-23       1565       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایگەیاند، نابێت ئۆباڵی هەڵەو كەموكوڕییەكانی رابردو بخرێنە ئەستۆی حكومەتی ئێستای عێراق و ئەوانەی خۆیان هۆكاری گەندەڵی و كەموكوڕییەكانن بیانەوێ زیان بە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بگەیەنن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی،ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلیکس باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كردوەو لە دیدارێكدا كە جێمس سۆرنتن كونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەولێر ئامادە بوە، باڵیۆزی بریتانیا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دوپات كردۆتەوە و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان لەگەڵ كوردستان و عێراق ڕاگەیاندوە.

لەدیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکەو دوا گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی تاوتوێكراون و هەروەها تاوتوێكردنی هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی داعش تەوەرێکی دیکەی ئەو كۆبونەوەیە بون.

لە دیدارەکەدا بە وردی ڕەوشی ڕۆژئاواو هاتنی شەپۆلی نوێی پەنابەران لە سوریاوە بۆ هەرێمی کوردستان خراوەتە بەرباس و هەردولا دژایەتیی خۆیان بۆ ئەگەری گۆڕینی دیموگرافی لەو ناوچەیە ڕاگەیاندوەو بۆ ئەوەش وایان بە باش زانیوە ئەو پەنابەرانەی لە ترسی شەڕ ناوچەکانیان بەجێ دەهێڵن، هەر لەناو خاکی سوریا و لە شوێنێکی ئارامی نزیک سنور، کەمپیان بۆ دروست بکرێت و کۆمەڵی نێودەوڵەتی هاوکاریی بەپەلەیان بۆ دابین بکات.

هەروەها هەردولا هاوڕابون کە ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا زیان بە هەوڵە هاوبەشەکان دژی تیرۆر دەگەیەنێت و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سوریا و عێراق زیاتر دەکات.
هەر لە دیدارەکەدا باسی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق کراوە و هەردولا هاوڕا بون کە پێویستە داواکارییە ڕەواکانی هاوڵاتیان جێبەجێ بکرێن و پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەناوچەکانی ناوەڕاست و عێراق جێبەجێ بکرێن و دۆخی ژیانی خەڵک باشتر بکرێت.

هەر لەوبارەیەوە مەسعود بارزانی جەختی کردۆتەوە کە نابێ ڕێگە بدرێت ئۆباڵی هەڵە و کەموکوڕییەکانی ڕابردو بخرێنە ئەستوی حکومەتی ئێستای عێراق و ئەوانەی خۆیان هۆکاری گەندەڵی و کەموکوڕییەکان بون سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک بن و بیانەوێ زیان بە کابینەكە عادل عەبدولمەهدی بگەیەنن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×