بەرپرسێكی پێشمەرگە : داعشە هەڵاتوەكانی سوریا دێنەوە حەوزی حەمرین
  2019-10-23       2046       

‎بەرپرسێكی پێشمەرگە رایده‌گه‌یه‌نێت ''پێشمەرگە لەسنوری حەمرین كەوتوەتە ئینزارەوەو داعشیەكانی سوریاش ئەگەر بگەڕێنەوە دێنەوە عێراق و حەوزی حەمرین''.

ئاوێنه‌ - ئاراس محه‌مه‌د: لیوا محەمەد هەژار ناسراو بە محەمەد سیاسی جێگری میحوەری قەرەتەپەی هێزەكانی پێشمەرگە به‌ ئاوێنەی راگه‌یاند ''چەكدارەكانی داعش جموجوڵیان زۆر زیاتر بوەو بەئاشكرا لەسنوری حەوزی حەمرین دوو بنكەی ڕاهێنان و سەربازیان هەیەو خەڵك پێ دەگەیەنن و لێیی كۆدەبنەوە''

‎ناوبراو وتیشی ''ئێستا من سێ ڕبایەی پێشمەرگەم خستوەتە ئینزارەوە لەسنوری حەمرین و لەنزیك  دوز''.

‎وتیشی ''ئەو چەكدارانەی كە لە سوریا هەڵدێن هەرچی عێراقی بێت و ناوداری داعش بێت بەگومانی ئێمە دێتەوە بۆ حەوزی حەمرین چونكە ئەوە لەمێژە مۆڵگەیانە و لە ساڵەكانی (٢٠٠٥) وە  لەكاتی قاعیدەوە لەوێ خۆیان ڕێك دەخەنەوە''. 

‎حەوزی حەمرین دەكەوێتە سنوری دیالەو  ناوچەیەكی سەخت و شاخاوی و دارستانی چڕەو جێگایی مۆڵگەو خۆحەشردانی زۆری هەیە بۆ چەكدارەكانی داعش .

‎لیوا محەمەد وتیشی ''تائێستا ناوێكی دیار و بەرپرسی داعش نەگەڕاوەتەوە سنورەكە بەڵام پێش بینیمان وایە كەبەم زوانە بێنەوە بۆ ئەو سنورە''.

‎لەئێستادا پاشماوەی داعش بەشێوەی پارتیزانی لەسنوری دیالەو حەویجەو تكریت و دوز ناوبەناو چالاكی ئەنجام دەدەن  و دواتر دەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×