به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا سوكایه‌تیان به‌ سه‌ركرده‌كانی رۆژئاوای كوردستان كردوه‌
  2019-10-23       10331       
سه‌رچاوه‌  میدیایه‌كان ڕه‌فتاری به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکایان له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی کورد به‌ سووکایه‌تی‌ پێکه‌رانه‌ وه‌سف کردووه‌ و ڕایانگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌وان ئاماده‌ نیین گوێ بده‌نه‌ قسه‌کانی کورد و ئاوڕ له‌ نیگه‌رانیی کورده‌کان ناده‌نه‌وه‌.

له‌م ڕۆژانه‌دا وشه‌ی "خیانه‌ت" له‌ میدیاکانی ئه‌مریکا به‌ فراوانی به‌کار ده‌برێت و هۆکاره‌که‌شی هه‌ڵکردنی گڵۆپی سه‌وزی ئه‌مریکایه‌ ده‌رباره‌ی هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر باكوری سووریا و پشتكردنی ئه‌مریکا‌ له‌ هاوپه‌یمانه‌که‌ی واتا کورده‌كان.

ئاوێنه‌: گۆڤاری نه‌شناڵ ئینترستی ئه‌مریکی له‌ ڕاپۆرتێکدا ته‌ئکیدی کردووه‌ که‌ ئه‌مریکا ڕه‌فتارێکی جیاوازی له‌ دانیشتنه‌که‌ی له‌گه‌ڵ کورد و له‌ پشت ده‌رگا داخراوه‌کان نیشان داوه‌ و گوشاری خستۆته‌ سه‌ر کوردی سووریا بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورکیا و سه‌ربزێوانی پاڵپشتکراوی ئه‌و وڵاته‌ له‌ سووریا ڕێکبکه‌وێت.

جوئل ڕیبرن یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و نێردراوی تایبه‌تی ئه‌و وڵاته‌ بۆ کاروباری سووریا یه‌ک له‌و به‌رپرسانه‌ی ئه‌مریکایه‌ که‌ ڕه‌فتارێکی توندی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی کوردی سووریا له‌وان ئیلهام ئه‌حمه‌د سه‌رۆکی لقی سیاسیی هێزی سووریای دیموکرات بووه‌.

دوو سه‌رچاوه‌ی متمانه‌پێکراو به‌ گۆڤاری ئینترستی ئه‌مریکایان ڕاگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی ئه‌مریکا ده‌نگی خۆی به‌ سه‌ر به‌رپرسانی کوردی سووریا به‌رز کردۆته‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی کوردی سووریا پێنووسی خۆی فڕی داوه‌ته‌ ناو ده‌موچاوی وه‌رگێڕی کۆبوونه‌وه‌که‌. یه‌ک له‌ سه‌رچاوه‌کان بۆ وه‌سفکردنی ڕه‌فتاری نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی کوردی رۆژئاوا ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ ڕیبرن ڕێز بۆ ئیسلامخوازه‌ توندڕه‌وه‌کانی سه‌ر به‌ تورکیا داده‌نێت و مکووڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ به‌رپرسانی هێزی سووریای دیموکرات ده‌بێ له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ی جیهادییه‌کان دیدار بکه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا به‌یاننامه‌یێکیان ده‌رکردووه‌ و تیرۆری هۆرین خه‌له‌ف سیاسه‌توانی کوردی سووریا له‌لایه‌ن هێزی پاڵپشتکراوی تورکیایان ئیدانه‌ کردووه‌ به‌ڵام جه‌یمز جێفری نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریکا بۆ کاروباری سووریا و هاوپه‌یمانێتیی دژه‌داعش ڕێگه‌ی له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌یاننامه‌که‌ گرتووه‌.

گۆڤاره‌که‌ له‌ زاری سه‌رچاوه‌کانی خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاندوه‌ تیمه‌که‌ی جه‌یمز جێفری هه‌وڵه‌کانی بۆ جیاکردنه‌وه‌ی هێزه‌ عه‌ره‌به‌کان له‌ هاوپه‌یمانێتیی هێزی سووریای دیموکرات چڕ کردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ مه‌به‌سته‌کانی‌ تری ئه‌مریکا له‌ سووریا به‌کار بهێنێت.

ڕاپۆرته‌که‌ ئاماژه‌ به‌ لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌مریکی ڕوو له‌ شاندی کوردی سووریا ده‌کات که‌ ڕایانگه‌یاندووه‌ پێویست به‌ داواکاریی کورد بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا ناکات چونکه‌ ئه‌مریکا نایهه‌وێت له‌ سووریا بکشێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وان هیچ باسێکیشیان له‌وه‌ نه‌کردووه‌ که‌ به‌رده‌وامیی مانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ سووریا بۆ پشتیوانی‌ کردنه‌ له‌ کورد یان به‌دواداچوونه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ هه‌ندێک ئامانجی‌ تر.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×