2019-10-23   474     
هەریەکە لە سەرۆکایەتییەکانی کۆماری عێراق، ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی دادوەری لە کۆشکی سەلام لە بەغدا کۆ بوونەوە و لەبارەی دۆخی عێراقەوە گفتوگۆیان کرد.
ئاوێنه: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، کۆبوونەوەکە لە سەر بانگھێشتی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا بە ئامادەبوونی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و فایەق زیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی دادگای باڵا بەڕێوەچوو.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە میانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەدا لە کۆشکی سەلام جەخت لە پاراستنی خۆپیشاندەران و جێبەجێ کردنی داوا رەواکانیان کرایەوە.
لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماردا هەروەها هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ڕەوشی سیاسی و ئەمنی وڵات کرا، ھاوکات جەخت کرایەوە لە گرنگی جێبەجێ کردنی داوا ڕەواکانی خۆپیشاندەران لە ماوەیێکی دیاریکراودا.
باس لەوەش کراوە، داواکاری خۆپیشاندەران خۆی لە چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی دەبینێتەوە، ھاوکات دووپات کرایەوە لە فەراھەم کردنی پاراستنی خۆپیشاندانی ھێمنانە و ئازادی ڕادەربڕین کە بەپێی دەستوور رێگە پێدراو، ھەروەھا تەئکیدیش لە پاراستنی ئاسایش و موڵکی گشتی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی کرایەوە.