لە ناحیەیەكی سەربە نەینەوا سێ بەرپرس و دو كەسی نزیكیان كوژران
  2019-10-24       1141       

میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە كە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە چوار روداوی جیاوازدا سێ بەرپرسی ناحیەی "ئەبو سەیدا"ی سەربە پارێزگای نەینەواو دو كەسی نزیكی ئەو بەرپرسانە لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە كوژراون.

ئاوێنە: میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە تەقە لە حارس روبەیعی، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەبی سەیدا كراوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم"، حارس روبەیعی لەكاتێكدا كە پڕۆژەی فیرتاوكردنی یەكێك لە شەقامەكانی ناوەڕاستی ناحیەكەی بەسەركردۆتەوە، لەلایەن یەكێك لە چەكدارەكانەوە دەستدڕێژی گوللـەی لێكراوەو دەستبەجێ كوژراوە.

دوای ئەو روداوە بە چەند سەعاتێك میدیای عێراقییەكان بڵاویان كردەوە كە لە روداوێكی دیكەدا چەكدارانی نەناسراو تەقەیان لە "سەعد مەجید سورەیوی"، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی شارەوانی ناحیەی "ئەبو سەیدا" كردوەو خۆی و كوڕەكەی لە روداوەكەدا كوژراون.

هەر دوابەدوای ئەو روداوەش میدیا عێراقییەكان لەزاری سەرچاوە ئەمنییەكانەوە بڵاویان كردەوە كە بەڕێوەبەری رەگەزنامەی ناحیەكە، موقەدەم محەمەد حومەیری لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە تەقەی لێكراوەو كوژراوە.

كەمێك لەمەوبەریش ماڵپەڕی "سومەریەنیوز" لەزاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویكردەوە كە سەرۆك عەشیرەتێكی نزیك لە حارس روبەیعی، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەبو سەیدا لەهێرشێكی چەكداریدا كوژراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×