عێراق؛ ناڕەزایەتی هاوڵاتیان دژ بە گەندەڵكاران كەوتە پێش وادەی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان
  2019-10-25       780       

سەدان هاوڵاتی ناڕازی عێراق لە بەغداو چەند شارێكی دیكە، چاوەڕێی وادەی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانیان نەكردو بەرلەوەی رۆژ بێتەوە، بەم شەوە هاتنە گۆڕەپانەكان و دەستیان كرد بە وتنەوەی دروشم دژ بە دەسەڵاتی "گەندەڵكاران."

ئاوێنە: چاوەڕوان دەكرێت سبەی هەینی ملیۆنان عێراقی لە بەغداو چەند شارێكی دیكەی عێراق لە خۆپیشاندانێكی ناڕەزایەتیدا بڕژێنە سەر شەقەمەكان و رێكارە چاكسازییەكانی ئەم دواییەی حكومەت رایان نەگرێت.

لەگەڵ ئامادەكارییەكانی ئێوارەی رۆژی 24ی تشرینی یەكەمدا بۆ خۆپیشاندانەكان، عادل عەبدولمەهدی بڕیاریدا بە گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو كەسانەی لە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و هەروەها لە دەزگای دژە تیرۆر و حەشدی شەعبی، گرێبەستەكانیان هەڵوەشێنراوەتەوە، بۆ سەر كارەكانیان.

بەپێی هەواڵێكی كەناڵی "ئەلحوڕە"، ئەمشەو گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا پەیتا پەیتا خۆپیشاندەرو هاوڵاتیانی ناڕەزی رویان تێكردوە ئەوەش وەك تاكتیكێكی نوێ كە خۆپیشاندەران هەوڵدەدەن بەر لە رێكارەكانی حكومەت بۆ داخستنی رێگاكانی گەیشتنیان بە گۆڕەپانەكە، بگەنە ئەوێ.

هەر ئەمشەو هاوكات لەگەڵ زیادبونی ئەوانەی رو لە گۆڕەپانەكە دەكەن، بەكردەیی هێزە ئەمنییەكان دەستیان كرد بە داخستنی سەرجەم ئەو رێگایانەی دەچنەوە سەر گۆڕەپانەكە جگە لە "تونێلی تەحریر" و هەندێك لە گرتە ڤیدیۆییەكان كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە دەریدەخەن خۆپیشاندەرانی گەیشتو بە گۆڕەپانی تەحریر لەئێستاوە دەستیان كردوە بە دروشم  كێشان و وتنەوەی سرودە نیشتمانییەكان.

سەدان كەس هاوار دەكەن "هەمویان دزن" ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ چینی سیاسی دەسەڵاتدار لە وڵاتدا.

هەروەك چالاكوانان چەند گرتەیەكی ڤیدیۆییان بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا هاوڵاتیانی ناڕەزیی دروشمی دژ بە قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەڵێنەوەو دروشمێكی دیكەشیان ئەوەیە كە رێگەنەدرێت لایەن و حزبە سیاسییەكان خۆپیشاندانەكان بقۆزنەوە بۆ خۆیان.

لە شاری ناسریەی باشوری عێراقیش دەیان كەس لە گۆڕەبانی حەبوبی لە ناوەڕاستی شارەكە كۆبونەتەوە كە لەخۆپیشاندانەكانی سەرەتای ئەم مانگەدا لەو شارە زیاتر لە 20 كەس كوژران.

لە شاری ناسریە خۆپیشاندەران داوا دەكەن ناڕەزایەتییەكان تاوەكو كەوتنی حكومەت بەردەوام بن.

لە شاری نەجەف-یش ژمارەیەك لە گەنجان لە گۆڕەپانی "موجەسەرات" لەناوەڕاستی شارەكە كۆبونەتەوە و ئاڵای عێراق و چەند لافیتەیەكیان بەرزكردۆتەوە كە لەسەری نوسراوە "شۆڕشی 25ی ئاشتیخوازانە."

بەپێی ئاژانسی هەواڵی نیشتمانی عێراق دەیان خۆپیشاندەر لە دەوروبەری بینای پارێزگای میسان كۆبونەتەوەو چادری مانگرتنیان هەڵداوە.

چاودێران پێشبینی دەكەن خۆپیشاندانەكانی سبەی هەینی، ژمارەیەكی زۆر زیاتر تێیدا بەشداری بكەن لەچاو خۆپیشاندانەكانی سەرەتای ئەم مانگەدا كە دەسەڵاتداران بە گوللـە وەڵامیان دانەوە.

ئەحمەد ئەبیەز، چاودێری سیاسی بە ئەلحوڕە-ی وتوە"ئاماژەكان جەخت دەكەنەوە كە لانیكەم دو ملیۆن كەس لە بەغداو پارێزگاكانی دیكە سبەی بەشداری لەخۆپیشاندانەكاندا دەكەن."

بەپێی قسەی ئەو چاودێرە، هاوڵاتیانی ناڕەزی دەسەڵاتدارانیان توشی سەرسوڕمان كرد كاتێك شەوی پێنجشەممە لەبری رۆژی هەینی رویان هاتنە سەر شەقامەكان.

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×