عادل عەبدولمەهدی: دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت بەبێ بەدیل دەبێتە مایەی پشێوی
  2019-10-25       825       

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، بەر لەوادەی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان بەشێوەیەكی رەسمی، چەند چاكسازییەكی دیكەی راگەیاند كە ئەنجامدانی گۆڕانكاریی لەوەزارەتەكان لە هەفتەی داهاتو لەخۆدەگرێت. جەختیشی كردەوە كە دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت بەبێ بونی بەدیلێكی دەستوریی، دەبێتە مایەی پشێوی.

ئاوێنە: عادل عەبدولمەهدی، لەپەیامێكدا كە لەلایەن تەلەفزیۆنی رەسمی عێراقەوە بڵاوكرایەوە، سەبارەت بە ناڕەزایەتییەكان بۆ خستنی حكومەت رایگەیاند"داوای كەوتنی حكومەت و هەمواركردنی دەستورو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، لەڕێی چوارچێوە دەستورییەكانەوە دەبێت و هەر كارێكیش لەدەرەوەی ئەو چوارچێوانە، سەركێشییە."

عادل عەبدولمەهدی جەختی لەسەر گرنگی جێبەجێكردنی ئەو فەرمانە دیوانییە كردەوە كە پەیوەستە بە رێكخستنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سنورداركردنی چەك تەنها بەدەست دەوڵەتەوە.

هەروەها سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنیدا بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە وەزارەتەكاندا لە هەفتەی داهاتو بەدور لە پشكشێنەو بە جەخت كردنەوە لەسەر لێهاتویی.

ئەوەشی خستەڕو كە ئاڕاستەیەك هەیە بۆ كەمكردنەوەی موچەی بەرپرسان لەحكومەت تاوەكو پلە چوار، بۆئەوەی بتوانرێت ئەو بڕە پارەیە لەم رێكارەوە دەست دەكەوێت تەرخان بكرێت بۆ سندوقی پشتیوانی كەمدەرامەتان.

وتیشی، ئێمە لەبەردەم قەیرانی سیستمێكداین كە هێزە سیاسییەكان و دەوڵەت سەری لێ دەرناكەن.

هەوروەك راشیگەیاند كە هەوڵدەدەن كۆمسیۆنێكی باڵای نوێ بۆ هەڵبژاردنەكان پێكبهێنن.

ئەو وتەیەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی كە بڕیارە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی خۆپیشاندانەكان لە بەغداو چەند شارێكی دیكە دەستپێبكەنەوە كە شەوی رابردو وەك ئامادەكارییەكان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداو چەند شارێكی دیكە هاوڵاتیانی ناڕازیی دەستیان بە كۆبونەوەو وتنەوەی دروشم دژ بە گەندەڵكارانی دەسەڵاتدار كرد.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×