ژماره‌ی‌ خۆپیشانده‌ره‌ كوژراوه‌كانی‌ به‌غدا بۆ 3 كه‌س به‌رزبوه‌وه‌
  2019-10-25       495       

خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زاییه‌كان له‌شاری‌ به‌غداو چه‌ند شارێكی‌ دیكه‌ی‌ عێراق به‌رده‌وامه‌و تائێستا سێ كه‌س له‌خۆپیشانده‌رانی‌ به‌غدا كوژراون‌و 100 كه‌سی‌ دیكه‌ش برینداربون.

ئاوێنه‌: کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لەعێراق رایگەیاند، خۆپیشاندەرانی گۆرەپانی تەحریر توانیویانە بچنە ناوچەی سەوزەوەو هێزە ئەمنییەکانیش روبەڕویان بونەته‌وەو هەوڵی بڵاوەپێکردنیان داون.

هاوكات له‌ئه‌نجامی‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ خۆپیشانده‌ران‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان تائێستا 3 كه‌س له‌خۆپیشانده‌ران كوژراون‌و نزیکەی 100 كه‌سی‌ دیكه‌ش لەخۆپیشاندەرو هێزە ئەمنییەکان برینداربون.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌، خۆپیشاندان له‌شاری‌ به‌غداو چه‌ند شارێكی‌ دیكه‌ی‌ عێراق ده‌ستیپێكرده‌وه‌و خۆپیشانده‌ران داوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت‌و ڕوبه‌ڕو بونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و ئه‌نجامدانی‌ چاكسازیی‌و خزمه‌تگوزاریی ده‌كه‌ن.

سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ شه‌پۆلێكی‌ به‌رفراوانی‌ خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایی به‌غدای‌ پایته‌خت‌و چه‌ند پارێزگایه‌كی‌ دیكه‌ی‌ عێراقی‌ گرته‌وه‌و به‌پێدانی‌ چه‌ند به‌ڵێنێكی‌ چاكسازیی به‌خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ عێراقه‌وه‌، خۆپیشاندانه‌كان كۆتاییانهات.

به‌پێی‌ ڕاپۆرتی‌ ئه‌و لیژنه‌ وزارییه‌ی‌ له‌لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدی‌، سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ عێراقه‌وه‌ پێكهێنرا بۆ زانینی‌ زیانه‌ گیانییه‌كانی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌، لەخۆپیشاندانەکاندا 157 کەس کوژراون‌و 5494 کەسیش برینداربون، لەو ژمارەیە 149 كه‌سیان هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نین له‌گه‌ڵ 4207 بریندار. هه‌روه‌ها 8 کارمەندی‌ هێزە ئەمنییەکان کوژراون‌و 1287ی‌ دیكه‌ش برینداربون. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×