وەزیری نوێی دەرەوەی سعودیە، دوژمنی سەرسەختی ئێران
  2019-10-25       2147       

ئا: ئاوێنە



فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود، وەزیری نوێی دەرەوەی سعودیە لەكاتێكدا پەیوەندییەكی تۆكمەی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوادا هەیە، یەكێكە لەو كەسانەی زۆرترین هەڵوێستی دژ بەكۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاندوە.



شا سەلمانی كوڕی عەبدولعەزیز، بەفەرمانێك ئیبراهیم عەسافی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی لەپۆستەكەی لابردو فەیسەڵ بن فەرحانی لەشوێنی دانا، وەزیری لەكارلابراو تەنها 10 مانگ بو ئەو پۆستەی وەرگرتبو.


میدیا عەرەبی‌و جیهانییەكان بەبایەخەوە باس لەم گۆڕانكارییە دەكەن بەحوكمی ئەو پێگە سیاسی‌و ئابوریی‌و ئایینییەی سعودیە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ناوچەی كەنداوو جیهاندا هەیە.


میدیاكان باس لەوە دەكەن كە وەزیری نوێی دەرەوەی سعودیە لەپاڵ كاری دیبلۆماسیدا، ئەزمونێكی دورودرێژیشی هەیە لەبواری چەك‌و پیشەسازی سەربازیدا كە پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمپانیای سعودیە بوە پیشەسازییە سەریازییەكان.


رۆژنامەی تاگس شپیگل-ی ئەڵمانی نوسیویەتی فەیسەڵ بن فەرحان پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان-ی جێشنشین شای سعودیە هەیە، كە لەساڵی 2017ەوە راوێژكارییەتی.


وەزیری نوێی سعودی بەوە دەناسرێت كە زۆرترین هەڵوێستی توندی بەرامبەر بەئێران راگەیاندوە لەچەند ساڵی رابردودا، مانگی رابردو كاتێك كە بەفڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان هێرش كرایە سەر كۆمپانیای ئارامكۆ لەسعودیە، ناوبراو داوای كرد هەمو بژاردەكان بۆ بەرەنگاربونەوەی ئێران لەبەرچاو بگیری‌و بەهەمان شێوەی سەربازیی وەڵامی تاران بدرێتەوە، ئەو وتی "هێرشەكانی سەر كۆمپانیای نەوتی ئارامكۆ هەر لایەنێك بێت، دواجار هەر ئێران لێی بەرپرسەو بێ‌ كۆمەكی ئێران ئەنجام نەدراوە".


رۆژنامەی عەكاز-ی سعودی لەسەرەتای ئەمساڵی 2019\دا كە فەیسەڵ بن فەرحان بو بەباڵوێزی سعودیە لەئەڵمانیا، نوسی "ئەو سیاسەتمەداری هەلومەرج‌و ئەركە سەختەكانە".


وەزیری نوێی سعودی بەوە ناسراوە كە پەیوەندییەكی تۆكمەی لەگەڵ میدیاكانی جیهان‌و وڵاتانی رۆژئاوا هەیە‌و هەردو زمانی ئینگلیزی‌و ئەڵمانی بەباشی دەزانێت‌و لەهەوڵی دروستكردنی تیمێكی دبلۆماسی چالاكدایە لەواشنتۆن‌و لەندەن، بۆ ئەوەی سعودیە هەرچی زیاتر كاریگەریی لەسەر بڕیاری سیاسی ئەو دو وڵاتە هەبێت.


بەشێك لەمیدیا عەرەبیەكان باس لەوە دەكەن كە دەستی هەبوە لەخستنە داوی عەدنان خاشچقچی-ییەوە، لەڕێگەی ناردنیەوە لەئەمەریكاوە بۆ ئەستەنبول، كە ئەوكاتە فەیسەڵ سەرۆكی تیمی راوێژكارانی باڵوێزخانەی سعودیە بوە لەواشنتۆن.


چاوەڕوان دەكرێ‌ فەیسەڵ بن فەرحان-ی تەمەن 45 ساڵ، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە چالاكتر بكات‌و وەك ئیبراهیم عەساف پۆستەكەی تەنها تەشریفاتی نەبێ‌‌و هەمو بەرپرسیارێتییەكانی ئەو وەزارەتە لەئەستۆی عادل جبێر-دا بێت وەك پێشتر، بەتایبەتی كە لەچەند هەفتەی داهاتودا سعودیە سەرۆكایەتی كۆبونەوەی گروپی 20 دەكات.


ئەم گۆڕانكارییە لەوەزارەتی دەرەوەی سعودیە، هاوكاتە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی یەمەن‌و سوریا‌و لوبنان‌و عێراق، كە گۆڕەپانی سەرەكی ململانێ‌‌و زۆرانبازی نێوان سعودیەو ئێرانن.
پێشبینی دەكرێ‌ بەهاتنی فەیسەڵ بن فەرحان قۆناغێكی نوێی دبلۆماسی عەرەبستانی سعودیە دەستپێبكاو بەباش‌و خراپ كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی سعودیە لەگەڵ ئێران هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×