سەدر بۆ به‌رپرسانی عێراق: دەست لەكار بكێشنەوە پێش ئەوەی لابدرێن و چاكسازی بكەن پێش لەناوچوونتان
  2019-10-26       876       

موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەكدا وتی، ئەگەر ئەو دەسەڵاتەی ئێستا نەتوانێت ئەوەی پێشخۆی تێكی داوە چاكی بكاتەوە، ئەوە ئەویش و ئەوانیتریش سوودیان نەبووە، بۆیە ئەگەر دەتانەوێت گەل نەكوژێت و نەسووتێنێت، ئەوە ئەی گەندەڵكاران دەستتان لێی بكێشنەوە و چیتر ستەم سەركوتیان مەكەن.

ئاوێنه‌: سەدر دووپاتی كردەوە، بۆ ئەوەی عێراق روونەچێتە ناو دووبەرەكی و جەنگی ناوخۆیی و هەموو شتێك كۆتایی بێت و گەندەڵكار و كەسانی نامۆ فەرمانڕەوایی نەكەن، بەسە، ئەگەریش وەك تۆمەتبار دەكرێم بە سواربوونی شەپۆڵەكە كە پێشتریش هەوڵی چاكسازیم داوە، ئێستا بەرپرسیارەتییەكە دەكەوێتە ئەستۆی گەورە و دانایانی ئەو گەلە بۆ دوورخستنەوەی بەپەلەی دووبەرەكی، ئەگینا پەشیمانبوونەوە داد نادات. بۆیە دەستلەكار بكێشتەوە پێش ئەوەی لابدرێن و چاكسازی بكەن پێش لەناوچوونتان.

سه‌در وتیشی، ''ئەگەر بە بۆچوونی هەندێك كەس خۆپێشاندان و مانگرتن چارەسەر نەبێت، ئەی دەستگرتن بە دەسەڵات چارەسەرە؟، لەو كاتەی ئەوان توانای كۆتاهێنانیان بە نەهامەتییەكانی گەل و رزگاركردنی لە گەندەڵكاران و دابینكردنی پارووی نان بۆی نییە''.  

سەدر لەبارەی خۆپێشاندەرانەوە روونی كردەوە، ئەوان كۆمەڵێكن كەرامەت و ژیانێكی باش و نیشتمانێكی بێ گەندەڵی و خراپەكاریان دەوێت، ئاخۆ ئەوانە بە ئاگر رووبەڕوو دەكرێنەوە یان بە پاداشتكردنیان، ئەوان كۆمەڵێكن سەركەوتن لە گوشارخستنە سەر گەندەڵكاران و ئەوانیان ناچار كرد بۆ پاشەكشەكردن و هەوڵدان بۆ چاكسازی، بۆیە ئەی سەرۆك وەزیران بۆچی پاڵپشتیان ناكەیت بۆ تەواوكردنی ئەو پڕۆژە چاكسازییەی بانگەشەی بۆ دەكەیت؟


لەلایەكی تر عەلاوی لە تیوتێك نووسیویەتی، داوای دامەزراندنی حكوومەتێكی بچووكراوەی بەهێز دەكەم كە كۆمسیۆنێكی سەربەخۆی هەڵبژاردنی پاك پێك بێنێت و سەرپەرشتی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بكات بەپێی یاسایەكی دادوەرانە. بۆیە بە لەوە كەمتر رازی نابین و ناكرێت سیستەمێكی سیاسی دامەزراو لەسەر بنەمای بەشبەشێنە لەوە زیاتر بەردەوام بێت و پێشتریش چەندان جار ئەوەمان دووبارە كردووەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×