ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق گەیشتە 63 کەس
  2019-10-27       817       

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایدەگەیەنێت، ''ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی دوو رۆژی رابردووی عێراق گەیشتووەتە 63 کەس''.

ئاوێنه‌: کۆمسیۆنەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، زۆرترین خۆپیشاندەر لە پارێزگای زیقار کوژراون، کە 15 خۆپیشاندەر بوون و دوای ئەویش شارەکانی میسان 14 کوژراوە، دیوانییە 12 کوژراوە، بەغدا 10 کوژراو، بەسرە حەوت کوژراو، بابل چوار کوژراو و موسەنناش یەک کوژراو.

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاماژەی بە سووتاندن و وێرانکردنی 83 بارەگای حکوومی و حزبی و میلیشیاکانیش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، کردووە.

هەروەک کۆمسیۆنەکە رایگەیاندووە، ژمارەی بریندارانیش بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە دوو هەزار و 592 کەس، کە بەمشێوەیە بەسەر شارەکان دابەش بوون:

- بەغدا 1794
- کەربەلا 349
- بەسرە 301
- زیقار 176
- موسەننا 151
- دیوانییە 119
- میسان 110
- واست 10

رۆژی هەینی 25-10-2019، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراق لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە، دژی گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×