فراکسیۆنی سائیرون دەستیان بە مانگرتن کرد و ئۆپۆزسیۆنبونی خۆیان راگەیاند
  2019-10-27       839       

له‌ په‌رله‌مانی عێراق فراکسیۆنی سائیرونی سەر بە رەوتی سەدر، دەستیان بە مانگرتن کردووە و ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆیان راگەیاند  تاوەکو داواکارییە رەواکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ دەکرێن.

ئاوێنه‌: نەبیل تەرفی، سەرۆکی فراکسیۆنی سائیروون لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا رایگەیاند "دوای ئەوەی خۆپیشاندەران کە بە ئاشتییانە داوای مافی رەوای خۆیان دەکەن و خوێنیان ڕژا و دوای ئەوەی خوێنی هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی شەرمەزارانە رژا،  بەهۆی ئەوەی حکومەت هەنگاوی راستەقینەی چاکسازی نەناوە، پێویستە لەسەرمان بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و نیشتمانیی هەڵبگرین بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق و سەلامەتی گەلەکەی و رێگرتن لە بردنی عێراق بەرەو چارەنووسێکی نادیار".

فراکسیۆنی سائیروون هاوکات داوای لە لایەنە سیاسییەکانی دیکە کرد هاوشێوەی ئەو هەنگاو بنێن لەپێناو پەسەندکردنی ئەم چاکسازییانە.

هاوكات سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرنامەیەکی چاکسازی راگەیاند و وتی، ''مووچەی پلەباڵاکان بۆ نیوە کەمدەکەینەوە، ئاستی مووچەکان لێک نزیکدەکەینەوە، لەرێگەی چەند پڕۆژەیەک هەلی کار دەڕەخسێنین و مووچەی 130 هەزار دینار بۆ هەر بێکارێک دەبڕینەوە''.

لە دووەم رۆژی خۆپیشاندانەکاندا دژی گەندەڵی و هەژاری و بێکاری و خراپی خزمەتگوزاری لە عێراق، ژمارەی قوربانییەکان بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ بەرزبووەوە بۆ 63 کوژراو و 2592 بریندار، هەروەها 83 باڵەخانەی حکومی و بارەگای حیزبەکان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سووتێندرا. 

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×