هێزەكانی دژە تیرۆر و سوپای عێراق دەستیانكردووە بە بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران
  2019-10-27       1478       
سەرچاوەیەكی ئەمنی و چالاكوانێكی مەدەنی: “هێزەكانی دژە تیرۆر و سوپا دەستیانكردووە بە بڵاوەپێكردنی مانگرتنەكان لە شارەكانی ناوەڕاست و باشوور كە لە  هەڵمەتی دەستگیركردنی خۆپیشاندەران ئەنجام دەدەن”.

ئاوێنه‌: سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند  ''بە فەرمانی سەرۆك وەزیران، عادل عەبدولمەهدی ئەمڕۆ یەكشەممە هێزەكانی دژە تیرۆر و سوپا دەستیانكردووە بە بڵاوەپێكردنی مانگرتنەكان لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری وڵات كە لە میانیدا هەڵمەتی دەستگیركردنی خۆپیشاندەران ئەنجام دەدەن''.

لەوبارەوە ئەفسەر لە پۆلیسی عێراق، نەقیب ئەحمەد خەڵەف راگەیاندوە  ''بە فەرمانی سەرۆكوەزیران، عادل عەبدولمەهدی هێزەكانی دژە تیرۆر لە زۆربەی ناوچەكانی شاری بەغدا بڵاوكراونەتەوە بە ئامانجی پاراستنی دامەزراوە گشتییەكان''.

بڵاوكردنەوەی هێزەكانی دژە تیرۆر و سوپا لە شاری بەغدا وەك هەوڵێك بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی رەوشی ئەمنی شارەكە دێت دوای ئەوەی خۆپیشاندەران لە میانی خۆپیشاندانەكانی رۆژانی هەینی و شەممەی رابردوودا، ٨٠ بارەگای پارتەکان، حەشدی شەعبیی و دامەزراوە گشتییەکانیان سووتاندبوو.

نەقیب ئەحمەد خەڵەف راشیگەیاندوە: ''بڵاوكردنەوەی هێزەكانی دژە تیرۆر لە بەغدا دوای ئەو هات كە هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی نەیان توانی رەوشی شارەكە كۆنترۆڵ بكەن''.

لە لایەكی دیكەوە لە پارێزگای زیقار چالاكوانی بەشداربوو لە خۆپیشاندانەكان، عەلی سەعیدی رایگەیاندوە: ''هێزێكی هاوبەشی دژە تیرۆر و سوپا، یەكەم هەڵمەتی دەستگیركردنی خۆپیشاندەرانیان لە ناوەڕاستی شاری ناسرییە ئەنجامداوە''.

عەلی سەعیدی وتیشی: ''سەرۆك وەزیران، عادل عەبدولمەدی فەرمانیبە هێزەكانی دژە تیرۆر و سوپا کردووە، بەهێز و دەستگیركردن بڵاوە بکەن بە خۆپیشاندانەكان، ئەوەش لە میانی چەند كاتژمێری رابردوودا روویداوە و ئەو هێزانە دەستیانكردووە بە راوەدوونان و دەستگیركردنی خۆپیشاندەران لە ناوەڕاستی ناسرییە''.

چالاكوانە ئەوەشی وت ''سەرۆكوەزیران بەو فەرمانەی دەیەوێت، قوربانی زیاتر لە میانی خۆپیشاندانەكاندا بكەوێتەوە، جگە لەوەش هەوڵ دەدات وێنەی هێزەكانی دژە تیرۆر و سوپا بشێوێنێت كە ناسراون بە ئەركەكانیان''.

ناوبراو وتیشی: ''نابێت هێزەكانی دژە تیرۆر و سوپا بە ئامانجی سەركەوتكردنی خۆپیشاندەران هێز بەكاربهێنن، زانیارییەمان بەدەست گەیشتووە لەوەی عادل عەبدولمەهدی ئەو هێزانەی راسپاردوو بۆ ئەوەی بە بەكارهێنانی هێز بڵاوە بكەن بە مانگرتنەكان''.

بەپێی دوایین ئامار كە لە لایەن كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بڵاوكراوەتەوە لە میانی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوو تا ئێستا، ٦٣ خۆپیشاندەر كوژراون و دوو هەزارو ٤٥٢ خۆپیشاندەری دیكە و ٤٨ كارمەندی ئەمنی برینداربوون.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×