كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ: تا ئێستا 74 كەس لەخۆپیشاندانەكاندا كوژراون
  2019-10-27       857       

كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لەعێراق، ئەمشەو(یەكشەممە)، نوێترین ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی عێراقی بڵاوكردەوەو دەڵێت؛ لەماوەی ئەم سێ رۆژەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكاندا 74 كەس كوژراون و زیاتر لە سێ هەزارو 600 كەسیش بریندار بون.

ئاوێنە: كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لەعێراق، لەبەیاننامەیەكدا ئاماری قوربانیان و زیانەكانی خۆپیشاندانەكانی بەغداو شارەكانی دیكەی عێراقی لەماوەی 25ی تشرینی یەكەم تا ئەمڕۆ 27ی تشرینی یەكەم بڵاوكردەوە.

بەگوێرەی ئامارەكەی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە خۆپیشاندانەكاندا لەماوەی ئەم سێ رۆژەدا 74 كەس كوژراون كە زۆربەیان لەمیانی روبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران و پاسەوانانی بارەگا حزبییەكاندا بە فیشەك كوژراون لەگەڵ ئەوەش هەندێك لە كوژراوان بەهۆی كاریگەری گازی فرمێسكڕێژەوە گیانیان لەدەستداوە.

هەربەپێی ئامارەكە لەماوەی ئەو سێ رۆژەدا سێ هەزارو 654 كەس لەنێو خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا بریندار بون، كە زۆربەیان بەهۆی گازی فرمێسكڕێژەوە بوە و بەشێكی زۆریشیان چارەسەركراون و نەخۆشخانەیان جێهێشتوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لەمیانی خۆپیشاندان و گردبونەوەكاندا لە پارێزگای بەسرە، زیقار و بابل هێزە ئەمنییەكان 158 كەسیان دەستگیركردون كە لەو ژمارەیە 123 كەسیان دەستگیركراون و 35 كەسیان هێڵراونەتەوە.

ئاشكراشیكردوە كە لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا ئازادی كاری دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەنوسان سنوردار كراوەو پەیامنێری كەناڵی سومەریە بە سەختی بریندار بوە كە دۆخی لە مەترسیدایەو هەروەها سێ كارمەندی تەلەفزیۆنی ئەڵمانی و كەناڵی ئەلعراقیە بریندار بون و هەروەك پەیامنێری كەناڵی "دیار" دەستگیركراوە كە دوای دو رۆژ ئازاد كراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لەماوەی ئەو سێ رۆژەدا، 90 بینای حكومی و بارەگای حزبی و تایبەت سوتاون یاخود زیانیان پێگەیەندراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×