پشتكردنە رۆژئاوا: نێچیر لەقەتەرەو مەسرور دەچێ‌ بۆ توركیا
  2019-10-29       5205       

ئا: ئاوێنە

 


قەتەر یەكێكە لەو وڵاتە دەگمەنانەی لەئاستی جیهاندا پشتیوانی خۆی بەرامبەر بەهێرشی سەربازیی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان راگەیاندوە، هێشتا كە هێرشەکە بەردەوامە، نێچیرڤان بارزانی لەقەتەرەو مەسرور بارزانیش دەچێتە توركیا.



پەیوەندییەكانی قەتەرو توركیا بەئەندازەیەك تێهەڵكێشە كە لەهەمو بوارە ئابوری‌و ئەمنی‌و سەربازییەكاندا پشتی یەكتر دەگرن، هەزاران سەربازی تورك لەقەتەردا جێگیرن، دەیان ملیار دۆلاری قەتەر لەتوركیادا لەوەبەرهێناندایە، قەتەرو تورکیا هەڵوێستیان بەرامبەر بەزۆربەی روداوەكانی ناوچەكە یەكانگیرەو هەردوکیشیان پشتیوانی ئیخوانەكانن.


قەتەر یەكێك بو لەو وڵاتانەی كە هەر لەیەكەم رۆژی هێرشی سوپای توركیاوە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، لەزاری میری ئەو وڵاتە‌و وەزیری دەرەوە‌و باڵوێزی قەتەریشەوە لەئەنقەرە، پشتگیری لەپەلامار‌و ئۆپراسیۆنەكە كرد، بەپێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی ناوچەكەو وڵاتانی عەرەبی‌و جیهانەوە كە ناڕەزاییان بەرامبەر بەهێرشی سوپای توركیا دەربڕی.


 لەسەرەتای هێرشەكەدا، كە بەهۆی كشانەوەی ئەمەریكاوە لەرۆژئاوای كوردستان‌و هەڵكردنی تیشكی سەوز لەلایەن ترامپەوە بۆ ئەردۆغان رویدا، میدیاكانی پارتی بەجۆرێك روماڵی روداوەكەیان كرد تا ئەندازەیەك هاوسۆزی بەرامبەر بەرۆژئاوای كوردستانی پێوە دیاربو، كە هاوکات گوزارشتی لەترسی پارتیش دەكرد لەئەگەری دوبارەبونەوەی ئەو هێرشە بۆ سەر باشوری كوردستان، هەرچەندە لەو بەیاننامانەدا كە لەلایەن مەسعود بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانییەوە دەربارەی ئەو روداوە بڵاوكرانەوە، هیچ ئاماژەیەكیان بۆ ئیدانە كردنی توركیا تیا نەبو.


پاش تێپەڕینی مانگێك بەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، ئێستا نەك هەر میدیای پارتی بەجۆرێكی دیكە دەردەكەوێ‌ۆ رەخنە لەسیاسەتی پەیەدەو هەپەگەو  پەكەكە دەگرێت سەبارەت بەرۆژئاوا، بەڵكو نێچیرڤان لەقەتەرەو مەسروریش وا بڕیارە رۆژی پێنج شەممەی داهاتو سەردانی توركیا بكاو لەگەڵ ئەردۆغان كۆبێتەوە.


هەرچەندە میدیای پارتی باس لەوە دەكات كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەک دەیان كەسایەتی وڵاتانی دیکە بانگهێشت کراوە بۆ بەشداریکردن لەکۆنگرەی ئامادەکاری‌و داڕشتنی کارنامەی کۆنگرەی ساڵانەی میونشن دەربارەی ئاسایشی جیهان، بەڵام كەس ناتوانێ‌ نكوڵی لەوە بكات كە پەیوەندییەكانی قەتەرو پارتی رۆژ بەرۆژ بەهێزتر دەبێ‌‌و ئەم سەردانەی نێچیرڤان-یش تەنها زادەی ئەم كۆنگرەیەی میونشن نییە لەدەوحە.


چەند رۆژێك لەمەوبەر، باڵوێزی دەوحە لەبەغدا لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند كە "وڵاتەكەی بەنیازی كردنەوەی كونسوڵخانەیە لەهەولێر". لەبەرامبەریشدا نێچیرڤان رایگەیاند "هەولێر ئامادەیە ئاسانكاریی بۆ بازرگانان‌و وەبەرهێنەرانی قەتەر بكات لەهەرێمی كوردستان".


هاوكات لەم ساتەوەختەدا كە هەمو دنیا لەتوركیا توڕەیە بەهۆی هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستانەوە‌و دەیان كەسایەتی ئەدەبی‌و فكری‌و سیاسی دنیا ئیدانەی ئەم هێرش‌و پەلاماردان‌و بەكارهێنانی زەبروزەنگەی سوپای تورك دەكەن دەرهەق بەکورد، چ دەسكەوتێكی گەورەیە بۆ ئەردۆغان كە سەرۆك وەزیرانی "هەرێمی كوردستان" بچێتە ئەنقەرەو لەگەڵ ئەو كۆبێتەوە؟!


سەردانی مەسرور بارزانی بۆ توركیا لەم ساتەوەختەدا هیچ بیانوو پاساوێك هەڵناگرێ‌، ئەم سەردانە بەئاشكرا پشتكردنە رۆژئاواو دەستخۆشیكردنە لەپرۆسەی پاكتاوكردن‌و گۆڕینی دیمۆگرافیا‌و داگیركاریی رۆژئاوا، گەورەترین دیاریشە كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم‌و پارتییەوە پێشكەش بەرەجەب تەیب ئەردۆغان دەكرێ‌، بۆ ئەوەی بەهەمو دنیا بڵێت شەڕی دژ بەرۆژئاوا شەڕی دژ بەكورد نییە، بەڵكو شەڕی دژ بەپەكەكەیە.


كە لەڕاستیدا مەسرور بارزانی‌و پارتیش باش دەزانن ئەم هێرشەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا، شەڕێكە دژ بەهەمو كورد‌و كوردستان، نەك شەركردنِ دژ بەپارچەیەكی كوردستان یان دژ بەپارت‌و هێزێكی دیاریكراو، وەك ئەردۆغان بەدرۆ دەیەوێ پاگەندەی بۆ بكات.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×