"لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتون"
  2019-10-31       600       

سەرچاوەكانی هەواڵ باس لەوە دەكەن كە كۆبونەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان كۆتایی هاتوەو تێیدا لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتون لەوانە: هەمواركردنەوەی دەستور، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، بەڵام ناكۆكی هەبوە لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

ئاوێنە: چەند سەرچاوەیەك بە كەناڵی "ئەلحوڕە"یان راگەیاندوە، كۆبونەوەی نێوان بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار و نوێنەرانی لایەنەكانی فەتح، دەوڵەتی یاسا، سائیرون، حیكمەو نەسرو چەند لایەنێكی دیكە كۆتایی هاتوە.

بەپێی قسەی سەرچاوەكان لەكۆبونەوەكەدا لایەنەكان رێككەوتون لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەكان و گۆڕینی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.

هەروەك بەشێك لە میدیا عێراقییەكان باسیان لەوە كردوە كە لایەنەكان لەسەر هەمواركردنەوەی دەستوریش رێككەوتون.

بەڵام بەپێی ئەو سەرچاوانەی كە قسەیان بۆ كەناڵی ئەلحوڕە كردوە، ناكۆكی هەبوە لەسەر دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق.

لەلایەكی دیكەوە میدیایەكی عێراقی لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆك كۆماری عێراقەوە بڵاویكردۆتەوە كە وتارەكەی بەرهەم ساڵح كە بڕیارە كەمێكی دیكە پێشكەشی بكات راگەیاندنی رێككەوتن لەسەر ئەو خاڵانە لەخۆدەگرێت بەڵام دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی تێدا نابێت.

 هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە وتارەكەی سەرۆك كۆمار پێدانی دو مانگ مۆڵەت بە سەرۆك وەزیران لەخۆدەگرێت بۆ ئەنجامدانی چاكسازییەكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×