ئەردۆغان ئاماژە بە "ئەگەری كوشتنی مەزڵوم كۆبانی" دەكات
  2019-10-31       2728       

بەپێی هەواڵێكی كەناڵی "ئەلحوڕە"، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ئاماژە بە ئەگەری كوشتنی ئەو كەسانە لەدەرەوەی توركیا دەكات كە ئەنكەرە بە "تیرۆریست" ناویان دەبات. ئەوەش دوای دو رۆژ لە كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی داعش لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە تایبەتەكانی ئەمریكادا لە سوریا.

ئاوێنە: بەپێی كەناڵەكە، ئەردۆغان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەوتەیەكدا رایگەیاند"هەندێك لە وڵاتان تیرۆریستان دەدۆزنەوەو دەیانكوژن لەهەر كوێ بن بەو پێیەی هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی نەتەوەییان"، ئەوەش وەك ئاماژەیەكی رون بۆ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، دواتر وتیشی"ئەگەر بابەتەكە بەو شێوەیەیە، ئەمە مانای ئەوەیە كە قبوڵكراوە توركیاش هەمان مافی هەبێت."

ئەو قسانەی ئەردۆغان لەمیانی ناكۆكییەكانیدا دێن لەگەڵ واشنتۆن بەهۆی بانگهێشتكردنی مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەلایەن ئەمریكاوە بۆ وڵاتەكەی، وێڕای ئەوەی ئەنكەرە ناوبراو و هێزەكانی سوریای دیموكرات بە "تیرۆریست" ناودەبات.

هێزەكانی سوریای دیموكرات وەك ئەوەی مەزڵوم كۆبانی رایگەیاندبو، رۆڵێكی گرنگیان هەبوە لە دیاریكردنی شوێنی خۆحەشاردانی ئەبوبەكر بەغدادیدا كە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمریكادا كوژرا.

ئەردۆغان، رایگەیاند، لیستی ئەوانەی لەلایەن توركیاوە ئامانجن، "ئەو تیرۆریستانە لەخۆدەگرێت كە ئەمریكییەكان تەوقەیان لەگەڵ دەكەن...خوازیارین بەم نزیكانە لەمبارەیەوە هەوڵی خۆشمان بۆ میللەتەكەمان پێ بێت."

دوای ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمریكا كە تێیدا بەغدادی كوژرا، وەزیری ناوخۆی توركیا، رایگەیاند، مەزڵوم كۆبانی "وەك بەغدادی تیرۆریستێكی تەواوە."

توركیا هەروەها فەتحوڵا گوللـەن، رابەری رەوتی خزمەت كە لەئەمریكا دەژی، وەك هەڕەشەیەكی گەورە دەبینێت و خۆی و رێكخراوەكەشی بە "تیرۆریست" ناودەبات و تۆمەتباری دەكات بەوەی كە لەپشت هەوڵی كودەتاكەی ساڵی 2016ی توركیاوەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×