سەبارەت بە هەواڵە ناڕاستەكە: کەنەدا خەڵات نادات بەمەزڵوم کۆبانی
  2019-10-31       5315       

کەژاڵ حەمە رەشید


دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەواڵ بڵاو بۆوە كە گوایە وەزیری بەرگری كەنەدا جەنەڕاڵ ”مەزڵوم عەبدی-كۆبانی” بانگهێشت كردوە بۆ پێدانی خەڵاتی ”جەنگاوەری پاك” Clean Fighter Award پاش بەدواداچونی خۆم و هاوڕێكانم بۆمان دەركەوت كە ئەو هەواڵە ڕاستی تێدا نیە.



من پاش ئەوەی کە پۆستێكم بۆ هات لە بارەی ئەو هەواڵەوە، چومە سەر سەرچاوەو ئاژانسە سەرەكیەكانی هەواڵی كەنەدا لە سی بی سی و گڵۆباڵ و ئەوانەی تریش، بەڵام بەداخەوە هیچم نەبینی بۆیە لەو بارەیەوەو گومانم لە ڕاستی هەواڵەكە كرد. بەڵام لەبەر پەرۆشی و دڵخۆشی خەڵك بە هەواڵێكی ئاوا ئێستاش بەردەوام زیاتر بڵاو دەبێتەوەو پۆست و تویتی لەسەر دەکرێت و سایتی ئاوێنەو هەندێكی تریش بڵاویان كردەوە.

زیاتر گەڕانم بۆ كرد، هەموو ئەو پۆست و تویتانەی بینیم لەو بارەیەوە هەمووی بی سەرچاوە-ڕیفرەنس بوون.

خەڵاتی جەنگاوەری پاكم گوگڵ كرد- Clean Fifgters Award دیسان كەنەدا خەڵاتێكی نێودەوڵەتی بەو ناوە نەبوو ، خەڵاتەكانی كەنەدا لە ئاستی نیشتیمانیدان.

زیاتر گەڕانم بۆ كرد یەك سەرچاوەم بینی بەناوی News1 # کە وای بۆ دەچم هەر ئەمە سەرچاوەی ئەو هەواڵەیە و ئەو بابەتەی باس كردوە، بەڵام چۆن؟ ڕەخنە لە كەنەدا دەگرێت كە وەك ئەندامێكی ناتۆ لە كاتی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاڤا فرۆشتنی چەك و بازرگانی لەگەڵ توركیا ڕاگرتوە، وە دەڵێت وەزیری بەرگری كەنەدا خەڵاتی جەنگاوەری پاك دەدات بە تیرۆرستێكی وەك مەزڵوم كۆبانی !

ئەم كەناڵە هەواڵگریە لە زمانی نووسینی هەواڵەکەوە ئاشكرایە كە یان توركیە یان لەو كەناڵانەن كە بە پارە هەواڵ بڵاو دەكەنەوە، مەبەستی هەواڵەكەش دیارە تەنها بۆ ئەوەیە كە جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی-كۆبانی” بە تیرۆرست ناو بەرێت و كار لەسەر دەست گیركردن یان تیرۆر كردنی بكات.


لەگەڵ نووسینی ئەم پۆستەدا کە گەڕامەوە بۆ ڕیفرەنس بینیم کە سەرچاوەیەکی تر كە چەپی ئەمریکیە reddit.com باسی ئەم هەواڵەی کردوە تەنها وەک سەردێڕ ، بەبێ ئاماژەکردن بە ڕێفرەنس.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×