ئەمنستی: ئەو جۆرە بۆمبەی گازی فرمێسكڕێژ كە دژبە خۆپیشاندەرانی عێراق بەكاردەهێنرێت كاسەی سەر دەبڕێت
  2019-11-01       1326       

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی(ئەمنسی ئینتەرناشناڵ) رایگەیاند، پێنج خۆپیشاندەر لە بەغدا بە جۆرێك لە بۆمبی گازی فرمێسكڕێژ كوژراون كە كاسەی سەری خۆپیشاندەرەكانیان بڕیوە. داواش لە عێراق دەكات بەكارهێنانی ئەو جۆرە بۆمبە "بێ پێشینەیە" رابگرێت كە كێشی 10 هێندەی كێشی بۆمبی گازی فرمێسكڕێژی ئاساییە.

ئاوێنە: لەخۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریری بەغدادا كە داواكاری خۆپیشاندەران گۆڕاوە بۆ گۆڕێنی سیستمی سیاسی عێراق، هێزە ئەمنییەكان، هێزە ئەمنییەكان لەڕوبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەراندا بۆمبی گازی فرمێسكڕێژ بەكاردەهێنن.

بەپێی راپۆرتێكی نوێی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەماوەی پێنج رۆژدا لانیكەم پێنج خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە جۆرە بۆمبێكی گازی فرمێسكڕێژ كوژراون كە كاسەی سەری بڕیون.

رێكخراوەكە ئاشكرایكردوە كە ئەو جۆرە بۆمبە دروستكراوی بولگاریاو سربیایەو جۆرێكە كە بەكارهێنانی "بێ پێشینەیە"و "ئامانج لێی كوشتنە" نەك بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران.

لەماوەی خۆپیشاندەكانی ئەم چەند رۆژەی بەغدادا، چالاكوان چەند گرتەیەكی ڤیدیۆییان بڵاوكردۆتەوە كە تێیاندا كەسانێك دەبینرێن لەسەر زەوی كەوتون و بومبەكە كاسەی سەری بڕیون و دوكەڵ لە لوت و چاو و سەریان هەڵدەسێت.

هەروەها رێكخراوەكە ئەوەشی ئاشكراكردوە كە وێنەی تیشكی پزیشكیی دەریخستوە، بۆمبەكان بەتەواوەتی كاسەی سەری ئەو خۆپیشاندەرە كوژراوانەی بڕیوە.

بەپێی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەو بۆمبەی گازی فرمێسكڕێژ كە ئاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لەسەرتاسەری جیهان بەكاردەهێنرێت كێشەكەی لەنێوان 25 بۆ 50 گرامدایە، بەڵام ئەو جۆرە بۆمبەی لەبەغدا بەكارهاتوە، "كێشەكەی 220 بۆ 250 گرامە"و هێزیشی "دە هێندە" لە بۆمبە ئاساییەكە زیاتر كاتێك دەتەقێنرێت.

پزیشكێك لە بەغدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە، بۆ یەكەمجارە بەركەوتوی ئەو جۆرە بۆمبە دەبینێت.

ئەو پزیشكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە دەگەنە نەخۆشخانە و دەزانن برینداران بە بۆمبی گازی فرمێسكڕێژ بریندار بون ئەگەر هێشتا لەژیاندا مابن، شوێنی برینەكە دەكەنەوە بۆ دەرهێنانی بۆمبەكە. جەخیشی كردۆتەوە كە كاریگەی ئەو بۆمبە راستەوخۆیە.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەزاری پزیشكێكەوە لە نەخۆشخانەیەكی نزیك لە گۆڕەپانی تەحریر لەبەغدا، رایگەیاندوە، رۆژانە پێشوازی لە شەش بۆ حەوت كەس دەكەن كە سەریان بۆ جۆرە بۆمبەر بریندار بوە.

بەپێی ئامارە رەسمییەكان لەماوەی خۆپیشاندانەكانی مانگی رابردودا، واتە لە 1ی تشرینی یەكەم تاوەكو 31ی تشرینی یەكەم زیاتر لە 250 كەس لە خۆپیشاندانەكانی عێراقدا كوژراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×