ژمارەیەك كەسایەتی كەنەدی داوا لەحكومەتی وڵاتەكەیان دەكەن كاربكات بۆ كردنە دەرەوەی توركیا لە ناتۆ
  2019-11-02       1857       
ئەو كەسایەتییە كەنەدیانە دەڵێن: ئەردۆگان پێویستە بە تاوانی جەنگ سزا بدرێت

لەنامەیەكدا بۆ سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەیان، کۆمەڵێك هونەرمەندو ئەکادیمی  و ڕۆژنامەنوسی کەنەدا، سەبارەت بە هێرشەكەی توركیا بۆ سەر باكوری سوریا چەند داواكارییەك دەخەنەڕو، لەوانە راگرتنی ناردنی چەك لەلایەن كەنەداوە بۆ توركیاو هەروەها حكومەتی كەنەدا كاربكات بۆ كردنەوەی دەرەوەی توركیا لە ناتۆ.

ئاوێنە: کۆمەڵێك هونەرمەندو ئەکادیمی و ڕۆژنامەنوسی کەنەدا، نامەیەكیان ئاڕاستەی جەستن ترودۆ، سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەیان سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باكوری سوریا كردوەو تێیدا وتویانە"ئەردۆگان پێویستە بە تاوانی جەنگ سزا بدرێت لەسەر بەئەنقەست ئازاردان و کوشتنی خەڵکی سیڤیل و وێرانکردنی موڵکی خەڵکی مەدەنی و بە بارمتە گرتنیان، لەسەرو هەمو ئەمانەشەوە، "یارمەتیدانی داعش" بەوەی تورکیای بۆ کردونەتە شوێنێکی پارێزراو بۆ تێپەڕین و چاککردنەوەی بریندارەکانیان لە ئەنقەرە و دابینکردنی چەك و کۆمەکی لۆجستیکی بۆ داعش."

لە نامەكەیاندا داوایان لە سەرۆك وەزیران كردوە كە بەپەلە باری چەك و تەقەمەنی بۆ تورکیا ڕابگیرێت، حکومەتی کەنەدا داوا لە ئەنجومەنی ڕێکخراوی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی بکات تا یەکسەر بەشێوەکی فەرمی تورکیا لە ناتۆ بکاتە دەرەوە، حکومەتی کەنەدا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکات تا ناوچەی دژە فڕین بۆ ڕۆژاڤا جێبەجێ بکات. حکومەتی کەنەدا داوا لە وڵاتە ئەندامەکانی ناتۆ بکات تا باڵیۆزخانەکانیان لە ئەنکەرە بکشێننەوە.

دەقی نامەكە...

بەڕێز سەرۆکی وەزیران جەستن ترودۆ

لە 9ی ئۆکتۆبەردا سوپای تورکیا بە فڕۆکە و بۆمباران دەستی بە هێرشەکانی کرد بۆسەر زەوی کوردەکان لە ڕۆژاڤا (باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا). تورکیا و هاوپەمانەکانی، بەشێوەکی نایاسایی خەڵکی مەدەنییان کوشتوە و لەخۆڕا زیندانیی کردون و بە شيێوەکی ناڕەوا ئاوارەی کردون. نزیکەی نیو ملیۆن کەس ئاوارە بون.

جگە لەوە، ئەردۆگان پێویستە بە تاوانی جەنگ سزا بدرێت لەسەر بەئەنقەست ئازاردان و کوشتنی خەڵکی سیڤیل و وێرانکردنی موڵکی خەڵکی مەدەنی و بە بارمتە گرتنیان، وە لەسەرو هەمو ئەمانەشەوە، "یارمەتیدانی داعش" بەوەی تورکیای بۆ کردونەتە شوێنێکی پارێزراو بۆ تێپەڕین و چاککردنەوەی بریندارەکانیان لە ئەنقەرە و دابینکردنی چەك و کۆمەکی لۆجستیکی بۆ داعش.

تورکیا و کەنەدا هەردوکیان ئەندامی ناتۆن، لە بڕگەی ٤ ی دامەزراندنی ناتۆدا هاتوە: "ئەندامەکان دەتوانن هەر کێشەیەك کە گومانیان لێی هەیە، بەتایبەتی ئەگەر پەیوەندی بە ئاسایشی وڵاتێکی ئەندامەوە هەبێت، بهێننە سەر مێزی گفتوگۆی ناو ئەنجومەنی باکوری ئەتلەسی". هەروەها لە بڕگەی ٥ "پارێزگاری دەستەجەمعی" دا هاتوە: هێرش بۆسەر هەر وڵاتێکی ئەندام، بە هێرش بۆسەر هەمو وڵاتە ئەندامەکان ئەژمار دەکرێت". ئەم دەستەواژانە دەکرێت هەمو ئەندامەکانی ناتۆ بخاتە بەردەم " بەرپرسیارێتی دەستەجەمعی"یەوە. ئەو شێوازە دڕندانەیەی بەم دواییە تورکیا پیادەی دەکات – هێرشی بەرباد کە بۆتە هۆی کوشتن و ئاوارەکردنی هاوڵاتییە مەدەنیەکان، ڕێگری لە گەیشتنی یارمەتی مرۆیی بەوانەی پێویستیانە، وە هەمو ئەو دەستدرێژیانەی تری تورکیا بۆسەر یاسا مرۆییە جیهانییەکان، بەرپرسیارێتی هەمو ئەندامەکانی ناتۆیە، بە کەنەداشەوە.

لەبەر ئەوە، وەك هونەرمەندان و ئەکادیمك و ڕۆژنامەوانانی کەنەدا داوا دەکەین:

- بە پەلە باری چەك و تەقەمەنی بۆ تورکیا ڕابگیرێت.
- حکومەتی کەنەدا داوا لە ئەنجومەنی ڕێکخراوی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی بکات تا یەکسەر بە شێوەکی فەرمی تورکیا لە ناتۆ بکاتە دەرەوە.
- حکومەتی کەنەدا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکات تا ناوچەی دژە فڕین بۆ ڕۆژاڤا جێبەجێ بکات.
- حکومەتی کەنەدا داوا لە وڵاتە ئەندامەکانی ناتۆ بکات تا باڵیۆزخانەکانیان لە ئەنکەرە بکشێننەوە.

هەروەها ئێمە هانی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا دەدەین تا بە پەیوەندی تورکیا بە داعشەوەو دوژمنایەتی و دڕندەیی تورکیادا بچێتەوە بەرامبەر هاوڵاتیانی ناوچەکە و لەناویاندا هاوڵاتیە تورکەکانیش، وە پەیوەندی خۆی بە تورکیاوە بە پێی ئەوە دەستنیشان بکات.

دڵسۆزتان،

ڕزگار حەمە ڕەشید

مارڤین وێستود

هەیدی تایلەر

مارکوس یوسف

کاثلین فلاهێرتی

کریستۆفەر کوك

میڵەنی ییتس

ئاریۆ خاکپور

بێلیندا بروس

فەرید ڕۆهانی

تیمۆثی کارڵسن

جاروس،تاڵ

برێندا لیدلەی

سکۆت جاکۆبسن

چارڵی دیمەرس

سێث کڵاین

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×