لە خۆپیشاندانەکانی بەندەری ئوم قەسر ٦٠ کەس برینداربوون
  2019-11-02       530       

سەرچاوەیەكی پزیشكی لە عێراق: ''بەهۆی دەستوەردانی هێزە ئەمنییەكان لە خۆپیشاندانەكانی بەردەم بەندەری ئوم قەسر باشووری پارێزگای بەسرە، ٦٠ خۆپیشاندەر برینداربوون''.

ئاوێنه‌: ماوەی سێ رۆژە بەهۆی خۆپیشاندانەوە لە پارێزگای بەسرە، دەرگاكانی بەندەری ئوم قەسر لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراون.

بەندەری ئوم قەسر دیارترین بەندەری بەسرە و گەورەترین بەندەری عێراقە، لەو بەندەرەوە رۆژانە بڕێكی زۆر كاڵاو كەلوپەلی جۆراوجۆر ھاوردەی عێراق دەكرێت.

سەرچاوەكە ئاشكرایكرد كە لە میانی خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی بەردەم بەندەری ئوم قەسر، هێزە ئەمنییەكان گازی فرمیسێكرێژیان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بەكارهێناوە كە بەهۆیەوە ٦٠ خۆپیشاندەر برینداربوون.

لای خۆیەوە خۆپیشاندەرێك بە ناوی یاسر عەبدلی وتی: ''دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ هێزێكی زۆری ئەمنی گەیشتنە بەندەری ئوم قەسر، هێزیان بەكارهێنا بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران''.

یاسر عەدلی وتیشی: ''سەرباری بەكارهێنانی هێز بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، بەڵام خۆپیشاندەران شوێنی خۆپیشاندانەكانیان چۆڵ نەكرد و درێژەیان دا بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین''.

لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە، عێراق رووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بووەتەوە ، شەپۆلی یەکەمی خۆپیشاندانەکان لەیەکی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکرد و ماوەی ھەفتەیەک بەردەوام بوو، شەپۆلی دووەمی خۆپیشاندانەکانیش لە رۆژی ھەینی رابردووەوە دەستیان پێکردەوە و لە میانیدا رووبەڕووبوونەوە و پێكھەڵپژان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکاندا روویداوە.


بەھۆی رووبەڕووبوونەوە و پێكھەڵپژانەکانەوە، زیاتر لە ٢٥٠ خۆپیشاندەران و کارمەندی ھێزە ئەمنییەکان کوژراون و بە ھەزارانی دیکەش بریندار بوون.

سەرەتا خۆپیشاندەران داوای باشكردنی خزمەتگوازرییەكان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رەخساندنی دەرفەتی كاریان دەكرد، بەڵام لەئێستادا، داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت دەكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×