داخستنى به‌نده‌رى ئوم قه‌سر له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ هاتنی خۆراکی ڕاگرتووه‌
  2019-11-03       483       
وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند ''داخستنی بەندەرەکانی باشووری عێراق لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر هاتنی خۆراک دەبێ کە پێویستە بۆ بەشە خۆراکی مانگانە''.
 
ئاوێنه‌: محەمەد هاشم ئه‌لعانى، وەزیری بازرگانیی عێراق بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە، ''جموجۆڵه‌ بازرگانیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى به‌هۆى شه‌پۆلى ناڕه‌زایه‌تیه‌كانه‌وه‌ زیانى زۆرى به‌ركه‌وتووه‌''.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ "چەند کەشتییەک هەن، کە بە برنج و خۆراکی دیکە بارکراون تایبەت بۆ وەزارەتی بازرگانی، پرۆسەی بەتاڵکردنیان دواکەوت بەهۆی داخستنی بەندەرەکان ئەمەش تێچووی لەسەر عێراق زۆرە، چونکە وەزارەتی بازرگانی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکان و کەشتییەکان هەیە بە کات و وادەی دیاریکراو بۆ بارکردن و داگرتن".

محەممەد هاشم عانی بە جەختکردنەوە لەوەی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران رەوان وتی: "وەزارەت بە هاوکاری لیژنەی حکومەت کاری بۆ جێبەجێکردنیان کردووە، بۆیە لێرەوە داوا لە خۆپیشاندەران دەکەین بەرژەوەندی گەل دووچاری مەترسی نەکەن، بەتایبەت ئەم کەشتییانە خۆراکیان بارکردووە بۆ هاووڵاتیان".
 
خۆپیشاندەران سێشەممەی رابردوو لە بەندەری ئوم قەسر لە باشووری عێراق گردبوونەوە و مانگرتنیان راگەیاند. چەند رۆژێکە رێگاکانی بەندەرەکەیان داخستووە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەکارهێنانی هێز دژیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە.
  
بەندەری ئوم قەسر تاکە بەندەری عێراقە لەسەر دەریا و دەروازیەکی سەرەکی عێراقە بۆ هەناردەکردنی نەوت و هاوردەکردنی خۆراک و کەلوپەل.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×