ئێران بەفەرمی چونی سەردانیکەرانی ئایینی وڵاتەكەی بۆ عێراق راگرت
  2019-11-03       595       

بەھۆی بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان دژ بە حکومەت لە عێراق، تاران سەردانی زیارەتکارانی ئايينی ئێرانی بۆ عێراق راگرت.

ئاوێنه‌: دەسەڵاتدارانی تاران، ئەمڕۆ یەکشەممە، بڕیاریاندا بە وەستاندنی سەردانی زیارەتکارانی ئێرانی ئایینی بۆ عێراق، ئەوەش بەھۆی دۆخی ئێستای ناوخۆی عێراقەوە کە لەئاکامی بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان دژ بە حکومەت ھاتوەتە ئاراوە.

كەناڵی رەسمی دەوڵەتی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە رابەری باڵای شۆڕشی ئێرانی، عەلی خامنەیی بڵاوی کردەوە کە بەھۆی دۆخی ئەمنی وڵاتەکەوە، گونجاو نییە بۆ سەردانی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ عێراق.

بەپێی سەرچاوەکە، دەستەی حەجی ئێرانی داوای لە ھەمو نوسینگەکان کردوە بە راگرتنی سەردانی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ شوێنە ئایینییە پیرۆزەکانی عێراق تا کاتێکی نادیار.

 رۆژانە ژمارەیەکی زۆری زیارەتکارانی ئێرانی بۆ زیارەتی هەردو شاری نەجەف و کەربەلا و ئەو شوێنانەی دیکەی کە بەلای شیعەکان پیرۆزن، سەردانی عێراق دەکەن.

لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردوەوە، عێراق روبەڕوی شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بوەتەوە، شەپۆلی یەکەمی خۆپیشاندانەکان لە یەکی تشرینی یەکەمی رابردودا دەستیپێکرد و ماوەی ھەفتەیەک بەردەوام بو، شەپۆلی دووەمی خۆپیشاندانەکانیش لە ٢٥ی ھەمان مانگ دەستیان پێکردەوەو بە بەردەوامی روبەڕوبونەوە و پێکھەڵپڕژان لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا رودەدات كە بەپێی ئامارە رەسمییەكان تاكو ئێستا زیاتر لە 250 كەس كوژراون ئەوە وێڕای برینداربونی هەزاران كەس.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×