دوێنێ ٩ کەس لە خۆپیشاندانەکانی بەغداد کوژراون
  2019-11-05       205       
سەرچاوەیەكی پزیشكی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق دەڵێت،  “ژمارەی ئەو كەسانەی كە دوێنێ‌ دووشەمممە بەهۆی ھەوڵی ھێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشانەكانی شاری بەغدا كوژراون بەرزبووە بۆ نۆ كەس”.
 
ئاوێنه‌: لە سەرچاوەیەکی تەندرووستی، باسی لەوە كرد كە دوێنێ‌ دووشەممە بەهۆی بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ و گوللـەی پلاستیكی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكانی شاری بەغدا، نۆ كەس كوژراون و ٤٠ی دیكەش برینداربوون.

هاوکات بە وتەی سەرچاوەكە، ژمارەیەك لەو كەسانەی كوژراون هۆكارەكەی بۆمبی گازی فرمێسكڕێژبووە كە بەر سەریان كەوتووە.

عێراق لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان لە بەغدا و شارەكانی دیكەی باشوور بەخۆوە دەبینێت، سەرەتای خۆپیشاندانەكان كە لەیەكی تشرینی یەكەمەوە دەستی پێكرد ماوەی ھەفتەیەكی خایاند، دواتر لە ٢٥ی ھەمان مانگ جارێكی تر خۆپیشاندانەكان دەستیان پێكردەوە و تائێستا بەردەوامییان ھەیە.

داواكاری سەرەتای خۆپیشاندانەكان، باشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، دابینكردنی ھەلی كار، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بوو، دواتر بەھۆی بەكارھێنانی زەبر و زەنگ لەبەرامبەریان و كوژران و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران بەو ھۆیەوە، ئاستی داواكانیان گۆڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكوومەت.

لەبەرامبەردا حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەھدی زنجیرەیەك بڕیاری بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی راگەیاندووە و بڕیاری لێپرسینەوەشی لەو كەسانە داوە كە بەرپرس بوون لە ئەنجامدانی توندوتیژی و بەكارهێنانی ھێز دژبە خۆپیشاندەران.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×