2019-11-06   1526     
لە کۆبونەوەیان لە ئەثینا، وەزیری بەرگری یۆنان و میسڕ و قوبڕس ئیدانەی هێرشهكانی تورکیایان کرد و ڕایانگەیاند لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست تورکیا سنوری خۆی بەزاندووە.
ئاوێنه: وەزیری بەرگری میسڕ محەمەد ئەحمەد زەکی، وەزیری بەرگری قوبڕس ساڤاس ئەنگێلیدیس و وەزیری بەرگری یۆنان پاناگیۆتۆپۆلۆس لە ئەثینا دوێنێ چاوپێکەوتنیان کرد. هەرسێ وەزیرەکە لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە تورکیا لە سوریا و دەریای ناوەڕاست سنوری بەزاندووە و هەروەها پشتگیریان دەکەن لە چارەسەری سیاسی لە لیبیا.
بەپێی هەواڵەکان هەرسێ وەزیرەکە لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە تورکیا سنوری خۆی بەزاندووە و یاسا نێودەوڵەتیەکانی پێشێل کردووە و لە دەریای ناوەڕاست سنوری بەزاندووە. وەزیری بەرگری یۆنان وتی تورکیا خاکی یۆنانی سنوری ئاسمانی یۆنانی بەزاندووە و تورکیا کاری نایاسایی دەکات دەرهەق بە وڵاتەکانی دراوسێی و دەیەوێت کە خاکی وڵاتەکانی دەوروبەری داگیربکات.
وەزیری بەرگری یۆنان ئەوەشی وت کە هێرش کردنە سەر باکوری سوریا لە لایەن تورکیاوە دەبێتە هۆی دروست کردنی کارەساتێکی مرۆیی تازە و وا دەکات کە چەندین پەنابەر لە سوریاوە بەرەو وڵاتەکانی ئەوروپا بێن و بەو هۆیەشەوە شەڕی دژی تیرۆریستان سەختتر دەبێت.
هەرسێ وەزیرەکە داوایان کرد کە کێشەکان بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێن و هەروەها وتیان کە ئومێدەوارن لە کۆبونەوەیان لە قوبڕس لە ساڵی ٢٠٢٠ چارەسەرێکی کۆتایی بدۆزرێتەوە بۆ کێشەکان.