بنیامین نەتنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بەهەنگاوە نوێکانی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، رایگەیاند "ئیسرایل نایەڵێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
ئاوێنە: سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەلێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند هەنگاوەکانی ئێستای رژێمی ئێران لەپێشێلکردنی پابەندبونەکانی بەرێککەوتنامەی ئەتۆمییەوە، هەلومەرجێکی ترسناکی هێناوەتە ئاراوە کە پێویستە ئیسرائیل بەرامبەری زۆر وریا بێت.
نەتنیاهۆ وتی "گومانم لەوە نییە کە ئێرام خوازیاری لەناوبردنی ئیسرایلەو بۆ گەیشتن بەو نیازە، هەمو هەوڵێک دەدات، ئەو وتی "ئیسرائیل دەرفەتی ئەوە بەرژێمی ئێران نادات ببێت بەخاوەنی موشەکی ئەتۆمی".
لەرابردودا ئیسرائیل بەنیاز بوە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانو وێرانی بکات، هەرچەندە دامەزراوەی ئەتۆمی فردو-ی ئێران لەبن چیادایە، بەڵام کاربەدەستانی ئیسرائیلی دەڵێن "ئیسرایل توانای وێران کردنی هەیە، کە نەک هەر خاوەنی موشەکی تاشەبەرد شکێنو سەقفی چیمەنتۆی ئەستور شکێنە، بەڵکو خاوەنی ئەو موشەکانەشە کە حەشارگەی ژێر چیاو تونێلەکان وێران دەکەن".