ئومێد خۆشناو: بەم نزیكانە پڕۆژە یاسای چاكسازی لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەنێردرێتە پەرلەمان
  2019-11-07       606       

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت ''بەم نزیكانە پڕۆژە یاسای چاكسازی لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەنێردرێتە پەرلەمانی كوردستان و رێككەوتنیش لەسەر پڕۆژەکە هەیە''.

ئاوێنه‌: ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند ''لیژنەی هاوبەشی نێوان پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێم لەبارەی پڕۆژەی چاكسازی ئامادەکاریی کردوە و كۆبونەوەی هاوبەشی نێوان پەرلەمان و حكومەت بەرێوەچوە، لیژنەکە كارەكانی تەواو بوە و تا كۆتایی ئەم مانگە پڕۆژەكە دەگاتە پەرلەمانی كوردستان''.

وتیشی :"پڕۆژەكە هیچ كێشەیەكی نییە، تەنها ئەوەندە نەبێت کە لەگەڵ پڕۆژەکەی رابردوشمان دەگونجێنرێت و دەكرێتە بنەمای سەرەكیی و لەگەڵ واقیعی كوردستان دەگونجێنرێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند: رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر پڕۆژەکە هەیە، چونكە لەكاتی پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان هەموان رێككەوتون كە پڕۆژەی چاكسازی بابەتێكی گرنگە و دەبێ لەم وەرزی یاسادانانە دەربچێت، بۆیە لە ماوەیەكی نزیكدا دێتە پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

ئومێد خۆشناو ئاشکرای کرد؛ بەپێی هەمو ئامادەكارییەكانی کە كراوە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە كارەكان تەواو دەبێ و پڕۆژەی چاکسازیی دەگاتە پەرلەمانی كوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×