سه‌رۆكایه‌تی كۆماری روسیا رایگه‌یاند رۆژی 14ی ئه‌م
مانگه كۆبونه‌وه‌ی نێوان وڵاته‌كه‌ی و توركیا‌و ئێران له‌سوچی سه‌باره‌ت به پرسی
سوریا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئاوێنه: دیمیتری پیسكۆف، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری
روسیا به ئاژانسی سپوتنیك-ی راگه‌یاند كه سه‌رۆكانی هه‌ر سێ وڵات له‌باره‌ی چه‌ند
پرسێكی سوریاوه رۆژی 14ی ئه‌م مانگه له سوچی كۆده‌بنه‌وه.
به‌پێی قسه‌ی پیسكۆف هه‌مان رۆژ ڤیلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی
روسیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا كۆبونه‌وه‌یه‌كی دوقوڵی ئه‌نجام
ده‌ده‌ن.
له‌لایه‌نی دیكه‌وه مه‌ولود چاوشئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند
سه‌رۆكانی هه‌ر سێ وڵات له سوچی كۆده‌بنه‌وه.
هه‌ر ئه‌مشه‌ویش ئه‌ردۆغان هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه رۆژی 14ی ئه‌م مانگه
له‌گه‌ڵ هاوتا روسهكهی له سوچی كۆده‌بێته‌وه بۆ تاووتوێكردنی پرسی سوریا.