یەكێتی ئەوروپا داوای لێپێچینەوە لەوانە دەكات كە پێشێلكارییان دژبە خۆپیشاندەرانی عێراق ئەنجام داوە
  2019-11-07       259       

فێدریكا مۆگرینی، نوێنەری باڵای كاروباری دەرەوەو ئاسایشی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند، بەكارهێنانی هێزی زۆر بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی عێراق كارێكی قبوڵكراو نییەو داواش دەكات لێپێچینەوە لە پێشێلكاران بكرێت.

ئاوێنە: مۆگرینی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبەیاننامەیەكدا سەبارەت بە ناڕەزایەتییە بەردەوامەكانی عێراق، رایگەیاند. بەكارهێنانی هێزێكی زۆر بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی عێراق جێی داخەو كارێكی قبوڵكراو نییە.

داواشی كردوە كە لێپێچینەوە لەوانە بكرێت كە پێشێلكارییان ئەنجامداوەو هەروەها چارەسەری ئەو ناڕەزایەتییە بكرێت كە لەبارەی لێكۆڵینەوەكانی پێشترەوە هەیە.

لەبەیاننامەكەدا هاتوە"گەلی عێراق لەماوەی مانگی رابردودا، پیادەی مافێكی بنەڕەتی خۆی لە كۆبونەوەو دەربڕینی را بەهۆی نیگەرانییەكانییەوە كردوە...پێویستە رێز لەم مافە بگیرێت بەشێوەیەك كە لەگەڵ دەستوری عێراقیدا بێتەوە."

وتوشیەتی"وێڕای بانگەوازەكانی پێشو بۆ دانبەخۆداگرتن، بەڵام زیانێكی زیاتری گیانی هەبو و ژمارەیەكی زۆر بریندار هەبوە و چەندین دامەزراوەی گشتی و تایبەتی وێران كراون."

جەختیشی كردۆتەوە كە یەكێتی ئەوروپاو وڵاتانی ئەندامی یەكێتییەكە پشتیوانی خۆیان بۆ یەكێتی عێراق و سەروەری و پاراستنی خاكەكەی و هەروەها پشتیوانییان بۆ دیالۆگێكی گشتگیر دوپات دەكەنەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە یەكێتی ئەوروپا ئامادەیە بۆ پشیتوانیكردنی حكومەتی عێراق لەكاركردن لەپێناو بەدیهێنانی داخوازییەكانی خۆپیشاندەران بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە گەندەڵی، باشتركردنی فەرمانڕەوایەتی و دروستكردنی دەرفەتی كار.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×