عادل عەبدولمەهدی: پێویستە لەنزیكترین كاتدا بودجە بنێردرێتە پەرلەمان
  2019-11-07       476       

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە پەلەبكرێت لە تەواوكردنی بودجەی گشتی عێراق و لەنزیكترین كاتدا پێشكەشی پەرلەمان بكرێت.

ئاوێنە: بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی بەرفراوانی لیژنەی ئامادەكاری بودجەی گشتی 2020ی عێراقی كردوە.

لە كۆبونەوەكەدا سەرۆك وەزیران جەختی لە گرنگی بودجە كردۆتەوەو وتویەتی، بودجە تەنها ژمارە نییە بەڵكو هەر كەموكوڕییەك تێیدا دەبێتە مایەی دروستكردنی كەموكوڕی لە پێشكەوتنی ئابوری و تەندروستی و زانستی و كایەكانی دیكەدا.

عادل عەبدولمەهدی جەختی كردۆتەوە كە ئەوان كاردەكەن لەسەر ئامادەكردنی بودجەیەك كە توانای ئیدارەدانی ئابوری بەشێوەیەكی زانستی دروست هەبێت و بتوانێت سەرچاوە نانەوتییەكایەكان زیاتر بكات و هەروەها لەسەر بنەمای بودجەكە دەست بە چاكسازی جدی و چارەسەری پێویست بكرێت بۆ سەرجەم كێشە داراییە هەڵپەسێردراو و كێشەدارەكان بە رۆحێكی نیشتمانی و دادپەروەرانەوە.

بەگوێریە بەیاننامەكە لەمیانی كۆبونەوەكەدا ئەو پڕۆژە دواكەوتوانەی كە بونەتە هۆی بەهەدەردانی پارەیەكی بێشومار و بەهەدەردانی دەرفەتی كار و بەرهەمهێنانی بێكارییەكی بەرفراوان و هەروەها ئەو پڕۆژە لەكاركەوتوانەی كە دەستیان بەكاركردۆتەوە، خراونەتەڕو و تاوتوێی چەندین پرسی ئابوری و دارایی و وەبەرهێنان كراوە.

سەرۆك وەزیران جەختی لەسەر پێویستی چاودێری و لێپچینەوەی ئەداو جێبەجێكردن و هەروەها بەردەوامی كۆبونەوەی لیژنەی بودجە كردۆتەوە بۆ پەلەكردن لە تەواوكردنی و پێشكەشكردنی بە پەرلەمان لە نزیكترین كاتدا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×