ئەردۆغان: روسیاو ئەمریكا پابەندی بەڵێنەكانیان نەبون بۆ كشاندنەوەی شەڕڤانان لەباكوری سوریا
  2019-11-07       719       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سەربازی وڵاتەكەی لەسوریا بەردەوامەو روسیاو ئەمریكاشی تۆمەتباركرد بەوەی كە بەڵێنەكانیان سەبارەت بە كشانەوەی شەڕڤانانی یەپەگە لەناوچەكە نەبردۆتە سەر.

ئاوێنە: بەپێی كەناڵی تی ئاڕ تی توركی، ئەردۆغان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی كۆنگرەیەكی هاوبەشدا لەگەڵ ڤیكتۆر ئۆربان، سەرۆك وەزیرانی هەنگاریادا لە بودابیست، رایگەیاند، ئەمریكاو روسیا، تا ئێستا شەڕڤانانی یەپەگەیان لە باكوری سوریا نەكردۆتە دەرەوە.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشداوە كە هەندێك لە هاوبەشە ستراتیژییەكانیان لە ئەوروپا پەیوەندییان لەگەڵ یەپەگە هەیە و پشتیوانیان دەكەن ئەوەش توركیای نیگەران كردوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەردۆغان باسی لە پرسی پەنابەرانی سوری كردو رایگەیاند، چوار ملیۆن پەنابەری سوری لەتوركیان و بەشێكی زۆریان دەتوانن بەرەو ئەوروپا كۆچ بكەن.

ئەردۆغان دیسان پاساوی ئەوەی بۆ هێرشەكەی سەر باكوری سوریا هێنایەوە كە بە دروستكردنی "ناوچەی ئارام" دەیەوێت "گەرەنتی گەڕانەوەی پەنابەرانی سوری بۆ وڵاتەكەیان بكات."

لەگەڵ ئەوەش وەك هەڕەشەیەك لە ئەوروپا وتی"توركیا بەردەوام دەبێت لەمیوانداریكردنی پەنابەرانی سوری، ئیدی پشتیوانی بكرێت یان نا، بەڵام ناچار دەبین دەرگاكانمان لەبەردەم كۆچیاندا بۆ ئەوروپا بكەینەوە ئەگەر كارەكە بەباشی نەچێتە پێشەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×