ئەمنستی: خۆپیشاندەرانی عێراق بە بۆمبی دروستكراوی ئێران دەكوژرێن
  2019-11-08       1186       

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی(ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) رایگەیاند، بەپێی بەڵگە نوێیەكان، دەسەڵاتدارانی عێراق بۆمبی گازی فرمێسكڕێژی دروستكراوی ئێرانیان بۆ كوشتنی خۆپیشاندەران لەبری بڵاوەپێكردنیان بەكارهێناوە.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە نوێكردنەوەی راپۆرتەكی پێشویدا، دوێنێ پێنجشەممە، رایگەیاندوە، لێكۆڵینەوەی زیاتریان دەربارەی بۆمبێكی گازی فرمێسكڕێژ ئەنجامداوە كە قەبارەكەی 40 ملم و بۆ كوشتنی خۆپیشاندەران بەكارهاتوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەڵگە نوێیەكان دەریدەخەن، بەشێكی زۆری ئەو بۆمبە كوشندانە دروستكراوی رێكخراوی پیشەسازی بەرگریی ئێرانن لەجۆریM651 و M713.

جەختیشی كردۆتەوە كە لە چەند سەرچاوەیەكی مەیدانییەوە ئەو بەڵگەكانەی دەستكەوتون لەسەر كوژرانی چوار كەسی دیكە بەهۆی بۆمبی سربی و ئێرانییەوە، رونیشیكردۆتەوە كە بەڵگەی لەسەر ناسنامەی ئەو كەسانە دەست نەكەوتەوە كە ئەو بۆمبە ئێرانیانە دژ بە خۆپیشاندەران بەكاردەهێنن.

پێشتر رێكخراوەكە رایگەیاندبو كە هێزە ئەمنییەكان لەبەغدا دو جۆر بۆمبی گازی فرمێسكڕێژیان بەكارهێناوە بۆ كوشتنی خۆپیشاندەران لەبری بڵاوەپێكردنیان كە ئەو دو جۆرە بۆمبە پێشینەی بەكارهێنانانیان نەبوە.

بەر لە نوێكردنەوەی راپۆرتەكە، رێكخراوەكە تەنها ئەوەی ئاشكرا كردبو كە ئەو دو جۆرە بۆمبە سربی و بولگارین كە كاسەی سەری قوربانییەكە دەبڕن و دەبنە هۆی گیان لەدەستدانی و كێشی بۆمبەكان لەو بۆمبە ئاساییانەی گازی فرمێسكڕێژ كە تا ئێستا لەوڵاتانی دونیادا بەكارهێنراون زۆر زیاترە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×