کاک مەسرور شایستەی خەڵاتی "نۆبڵ"ە!
  2019-11-08       2699       

کەریم محەمەد

 

مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌دیبه‌یتێكی تایبه‌تی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (MERI)، چەندین بابەتی گرنگی وەك خۆیان دەڵێن "گەنگەشە" كرد، کە لەڕاستیدا زۆربەی ئەوەی وتی دەچێتە خانەی چەواشەکارییەوە‌و حەیفە هەروا تێپەڕێ‌و پێینەوترێت جەنابی سەرۆك وەزیران پارتەکەی ئێوە پێشەنگی داهێنانی گەندەڵی‌و نادادپەروەرییە لەكوردستان.
مەسرور بارزانی ماشێنێكی راگەیاندنی زەبەلاح خراوەتە خزمەتییەوە بۆ رتوش کردن‌و گەورەکردن‌و دروستکردنی ئەو وێنەیەی سوارچاکی "چاکسازییە"، بەڵام لەکرۆکدا فڕی بەسەر چاکسازی راستەقینەوە نییەو تەنهاو تەنها بۆ ئەوەیە پێگەی خۆی لەناو ماڵی بارزانی‌و لەناو پارتی‌و لەناو هەرێمی كوردستاندا پێ بەهێز بکاو رکەبەرەکانی لەناو پارتی‌و دەرەوەی پارتیدا بخاو ببێتە بەهیزترین کاراکتەری قۆناغی داهاتوی کوردستان‌و هیچیتر.


ئامانجیان خزمەتکردنی خەڵکە!

مەسرور بارزانی له‌دیبه‌یتەكەی مێری-دا وتی "من بۆ خزمەتکردنی خەڵک ئەو ئەرکەم وەکو ئەمانەتێك وەرگرتوە تا خزمەتی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین بێ جیاوازی"!
كە مرۆڤ گوێی لەقسەی ئەم سیاسەتمەدارە پەپولەئاساو لەخۆبردوانەی كوردستان دەبێت، بەزەیی بەو مكیاڤیلی-یە "فەقیرە"دا دێتەوە، میکیاڤیلی ئێستا بێتەوەو ئەم نوخبە سیاسییەی کوردستان ببینێ نەک جارێ بەڵکو هەزار جار لەنوسینی "میر" پەشیمان دەبێتەوە، ئەسلەن ئەم نوخبە سیاسییەی کوردستان میكیاڤیلی هەر بەشاگردیش راناگرن.
ئاخر سەرۆک وەزیران ئێوە هەم وەك پارتی‌و هەم وەك ماڵی بارزانی ٥٠ ساڵە شەڕی دنیاتان لەسەر دەسەڵات‌و بڕیاری سیاسی‌و داهات‌و پارەو سامانی ئەم وڵاتە کردوە، ئیتر ئەمە چ چەواشەكارییەكە كە ئەیدەن بەگوێی خەڵكدا وەك ئەوەی خودا هەر لەئەزەلەوە ئێوەی بۆ خزمەت كردنی خەڵك لەو ئاسمانەوە نارد بێت؟! كە لەڕاستیدا ئێوە نەك خزمەتی خەڵكی كوردستان بێ‌ جیاوازی ناكەن، بەڵكو لەناو پارتەكەی خۆشتاندا هیچ كەسێك بەهاوشانی خۆتان‌و مناڵەکانیشتان نازانن!
مناڵێكیش هەست بەوە دەكات كە ئێوەو كوڕو نەوەكانتان خۆتان بەئاغا‌و هەمو ئەم خەڵكەش بەخزمەتكار دەزانن، سەرۆكی هەرێم ئێوەن، سەرۆكی حكومەت ئێوەن، سەرۆكی حزب ئێوەن، سەرۆكی زێڕەڤانی‌و دەزگای ئەمنی ئێوەن، سەرۆکی زانکۆو رێکخراوی مەدەنی‌و خاوەنی كۆمپانیای گەورەو بازرگانی ئێوەن‌و هەر بەسەرۆکیش لەدایک دەبن. لەملاشەوە ئۆردوییەك مەلاو مامۆستای زانكۆو رۆژنامەنوس‌و یاساناس‌و بن دیوارو سەر دیوار بەپیاهەڵدانی ئێوە دەژین‌و دەوڵەمەند ئەبن.
کەواتە ئافەرین كاك مەسرور هەر لەخۆتان جوانە خزمەت كردن، بژین بۆ كوردو كوردستان!


کار بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دەکا‌و گەندەڵیش تەنیا دارایی نییە!
مەسرور بارزانی بەشێوەیەكی ئەوەندە عەبقەریانە چارەسەرێکی زانستی بۆ "گەندەڵی" دۆزیوەتەوە كە لەمێژوی مرۆڤایەتیدا بێوێنەیەو شایستەی ئەوەیە ئەمساڵ لەسەر ئەم داهێنانەی خەڵاتی "نۆبل"ی پێببەخشرێت، ئەو لەدیبەیتەكەی مێری-دا وتی "له‌هه‌موو دنیا گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌، به‌ڵام رێژه‌ییه‌، پرسەکەش نابێت ته‌نیا لە گه‌نده‌ڵی داراییدا کورتی بکەینەوە. بەڵکو بۆ نموونە خراپ به‌كارهێنانی كاتیش گه‌نده‌ڵییه‌، بۆ نموونه‌ ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران كه‌ ده‌بێت له‌ كاتی دیاریكراودا له‌ خزمه‌ت هاوڵاتیدا بن. بۆ ئه‌وه‌ش بڕیارمانداوه‌ كه‌ ده‌بێت ده‌وام رێكبخرێته‌وه‌و فه‌رمانبه‌ران ده‌وامی خۆیان بكه‌ن‌و کار بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دەکەین‌"!
ئەگەر ساكارترین پێناسەی گەندەڵی بریتی بێت لە"بەكارهێنانی پۆست‌و پلەو پایەی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی"! ئەوا كەس وەك دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەكێتی "گەندەڵ" نین، تەنانەت گەندەڵەكانی تریش لەبن باڵی ئەمان‌و بەشەریكی ئەمان بەگەندەڵی سەروەت‌و سامانێكی ئەفسانەییان پێكەوە ناوە.
ئێوە بەهێمنی بیرێك لەخۆتان بكەنەوەو سەیرێكی وێنە رەش‌و سپییەكانی پێش راپەڕینی خۆتان بكەن‌و بەراوردێكی بكەن لەگەڵ ئەو نازو نیعمەتەی ئێستا بەسەرتاندا رژاوەو ئنجا باسی نەهێشتنی گەندەڵی بكەن. باوەڕ بكەن كام وڵاتەی نغرۆ بوە لەگەندەڵیدا، بەرپرسەكانی وەك دەسەڵاتدارانی هەرێم بەكەژاوەی دورودرێژی ئوتومبێلی گرانبەهای خۆیان‌و پاسەوانەكانیان دەرناكەون، هەرچی بیرە نەوت‌و پاڵاوگەو كۆمپانیای زەبەلاحی ئەم وڵاتەیە هی ئێوەن، هەرچی سەروەت‌و سامانی سەر زەوی‌و ژێر زەوی‌و ئاسمانە قۆرغ كراوە بۆ ئێوە، هەرچی زانكۆی گەورەو قوتابخانەی تایبەتە هی ئێوەن، هەرچی فڕۆكەخانەو مۆڵی گەورەیە هی ئێوەن، هەرچی ملیۆنەر‌و ملیاردێری ئەم وڵاتەیە دروستكراوی ئێوەن. ئێوەی پارتی‌و یەکێتی داهێنەری دامەزراندن بەتەزكیەو داهێنەری زەوی دابەش كردن بەسەر كادێری حزبی‌و بڕینەوەی موچە لەداهاتی گشتی بۆ برادەران‌و هەڤاڵان‌و بەعسیەکان‌و مسۆگەر كردنی ماستەرو دكتۆرا بەتەزكیە بۆیان‌و داهێنەری پشتگوێ‌ خستنی كەفائەو دانانی كەسی حزبی (نەشیاو) لەشوێنی شیاوو خانەنشین كردنی هەزاران ئەندام‌و هەواداری خۆتان بون بەشێوەیەكی ناڕەواو نایاسایی، كە ئەمە لەڕاستیدا بەتاڵان بردنی داهاتی گشتییە. گەندەڵی لەبۆشاییەوەو لەئەزەلەوە نەهاتوە، ئێوە خۆتان داهێنەری چەندین شێوازی جۆراوجۆری گەندەڵی بون.
لەم دونیا سوریالییەی كوردستاندا، مەسرور بارزانی-ش ناهەقی نییە كە ئەڵێ‌ منیش هاتوم کار بۆ نەهێشتنی گەندەڵی بكەم! ئێ‌ ئەویش وەك ئەو خەڵكە زۆرو زەبەندە كە تا توانیان بەنوسین‌و بەچەك‌و تەنانەت بەراپۆرت نوسین‌و سیخوڕیش بۆ حزبەكان، بەشدارییان لەدروستكردنی ئەم هەرێمە پڕ لەناعەدالەتییەدا كردو تا توانیان لەیەكێتی‌و پارتییان (یەكێتی بەتایبەتتر)  خوارد‌و لەسایەی گەندەڵیدا خۆیان پێگەیاند، كەچی ئێستا خۆیان لێكردوین بە"شەریفی مەكە"‌و فەخری ئەوەمان پێدەفرۆشن رەخنەگری جددی‌و ناڕازین لەم دۆخە! ئاخر چۆن سەرمان نەئاوسێ‌ كە گەندەڵترین كەس لەم وڵاتە دەبینی دەم لە"چاكسازی‌و یەکسانی" دەژەنێ‌!
جا خۆش ئەوەیە ئەم وڵاتە بەتەڕو وشكییەوە تاڵان كراوە، بەملیارەها دۆلار لوش دراوەو کوردستان کراوە بە بەهەشتی سپی كردنەوەی پارە، كەچی سەرۆك وەزیران چاکسازی لەفەرمانبەرانی خواری خوارەوە دەستپێداکاو گەڕ بەو فەرمانبەرانە دەكات كە تا ئێستاش بەچل رۆژ موچەیەكیان نادرێتێ‌‌و ساڵانە سێ‌ چوار موچەیان بۆ پاشەكەوت دەكرێ‌‌و تا پاریش بەشێك لەموچەكەیان بۆ پاشەكەوت دەكرا.
ئەوەیە حكومەت (کام حکومەت؟ حکومەتەکەی پارتی‌و یەكێتی) لەساڵانی رابردودا ئەوەندە بەهەڕەمەكی فەرمانبەریان دامەزراندوە، كە فەرمانگەكان لێی دەڕژێ‌، سەرۆك وەزیران ئاگای لەوە نییە كە هەر بونی فەرمانبەرو کات بەسەربردنی لەفەرمانگەو قوتابخانەكاندا خۆی لەخۆیدا مەرج نییە بەمانای زیادکردنی بڕی بەرهەم‌و خزمەت‌و رێكخستنەوەی ئیش‌و كار‌و نەهێشتنی گەندەڵی بێت، بەڵكو گرنگ ئەوەیە ئەم فەرمانبەرانە چی دەكەن‌و كاتیان بەچییەوە دەكوژن؟ سەرۆك وەزیران ئاگای لەوە نییە لەهەندێك ژووری فەرمانگەكاندا ئەوەندە فەرمانبەر بەسەر یەكدا كەڵەكە بوە كە لەبێئیشیدا كاتیان بەدەمەتەقێ‌‌و چا لێنانەوە دەكوژن. یاخود مامۆستایەك كە وانەكانی خۆی وتەوە ئیتر لەناو قوتابخانە چی بكات مەگەر دانیشێ نوكتە بگێڕێتەوە.

 

کام پەروەردەو تەندروستی بنیاتدەنێتەوە؟!
رەنگە گرنگترین بەشی قسەكانی مەسرور بارزانی لەم دیبەیتەدا قسەكردنی بێت دەربارەی پەروەردەو تەندروستی، چونكە باش دەزانێت كە ئەم دو كەرتە دو كۆڵەكەی هەرە گرنگی خزمەتگوزاری گشتی‌و بەڕێوەبردنی هەر وڵاتێكن، بەڵام ئەوەی بەوردی سەرنجی لەقسەكانی مەسرور بارزانی بدات، تێدەگات كە مەبەستەكەی ئەو، پەروەردەو تەندروستی گشتی نییە كە تەواو تەواو وێران‌و كۆڵەوارن لەم وڵاتەدا.
كەرتی پەروەردە لەدوای راپەڕینەوە تا ئەمڕۆ ئەوەندە زەبری كاریگەرو كوشندەی بەركەوتوە كە بنیاتنانەوەی بەئەندازەی زیندوكردنەوەی جەستەی ساردو سڕی مردوییەك زەحمەت‌و مەحاڵە. ساڵ بەساڵ ژمارەی قوتابی‌و خوێندكار زیاد دەكا‌و ژمارەی قوتابخانەكان كە زۆربەیان پەڕپوت‌و بێكەڵكن هەر هەمان ژمارەی جاری جارانن، زۆربەی پۆلی قوتابخانەكان جمەیان دێ‌ لەقوتابی‌و خوێندكار، پرۆگرامی خوێندن تەواو كۆن‌و بەسەرچوەو بەكەڵكی دنیای ئەمڕۆ نایەت، رێكخستنی هەیكەلی پەروەردە بەتایبەتی سەرپەرشتیاری (خۆش ئەوەیە ناویان ناوە هاوڕێی رەخنەگر!) هەمان رێكخستنی سەردەمی پاشایەتی عێراقەو تەواو نامۆ دەردەكەوێ‌ لەگەڵ دنیای نوێی سۆشیال میدیا‌و گۆڕانكارییە گەورەكانی تەكنیك‌و تەكنەلۆجیا، ئاستی زانیاریی زۆربەی مامۆستایان نزم‌و لەئاستی تێگەیشتن‌و پێداویستیەیكانی دنیای نوێدا نین، موچەو دابین کردنی بژێویی ژیانیان دیسان وەک پێویست نییە، ئەوە دەستی حزبیش لەولاوە بوەستێ‌ كە بەردەوام چاویان لەسەریانەو دەبێ‌ بەڕێوەبەرو یاریدەدرەكانی هەر قوتابخانەیەك پێش رەزامەندی مامۆستایانی قوتابخانەكە‌و پەروەردەش، رەزامەندی لق‌و مەڵبەندو ناوچەو كۆمیتەیان لەسەر بێت!
ئادەی سەرۆک وەزیرانی بەڕێز پێمانبڵێ مناڵەکانی خۆتان لەکام قوتابخانەو کامە زانکۆ دەخوێنن؟ مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی ئەگەر پەروەردەی گشتییان بەلاوە گرنگ بوایە، مناڵەكانیان وەك مناڵی ئەو خەڵكە لەقوتابخانەو زانكۆی گشتی‌و حكومی دەیانخوێند، کەس هەیە نەزانێت یەكێكیان ئیدریسی كوڕی کردوەتە خاوەنی زانكۆی جیهان‌و ئەویتریشیان ئارین-ی كوڕی کردوە بەخاوەنی زانكۆی ئەمەریكی لەدهۆك؟!
قوڕ بەسەر پەروەردەی گشتی، لەسایەی دۆخێكی بەمجۆرەدا كە پەروەردە غەرقە لەكێشەی كوشندەدا‌و رۆژ بەرۆژ زیاتر دەكرێت بەبزنس، دەبێت چ هیوایەكمان بەكەرتی پەروەردەی گشتی بێت؟!
لەمیش وێرانتر كەرتی تەندروستی گشتییە، مەسرور بارزانی وتی "لەبواری تەندرووستیشەوە گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کردوە کە چۆن په‌ره‌ بەسیسته‌می ته‌ندروستی بده‌ین، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا بۆ خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵكو بتوانین له‌داهاتودا ئه‌و كه‌رته‌ بكه‌ینه‌ كه‌رتێكی ئه‌وتۆ کە پەرە بەتوانای پزیشكانمان بدەین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ خه‌ڵك له‌ده‌ره‌وه‌ بەمەبەستی چارەسەر بێتە هه‌رێمی كوردستان"!
قسەكەی مەسرور بارزانی زۆر رونە‌و هیچ چەندو چونێك هەڵناگرێ‌، كە مەبەستی لەپەرەپێدان‌و پێشخستنی نەخۆشخانەی تایبەتە، نەك تەندروستی‌و نەخۆشخانەی گشتی. زۆربەی هاوڵاتیان خۆیان بەئەزمون بینیویانە كە چ جیاوازییەكی گەورە لەنێوان خزمەتی نەخۆشخانەی گشتی‌و نەخۆشخانەی تایبەتدایە، زۆربەی نەخۆشخانە گشتییەكان ئیهمال كراون، وەك پێویست پزیشك‌و داوو دەرمانیان نییە، قەرەوێڵەو شوێنی خەواندنی نەخۆشییان نییە، بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەك دەبێت حەوت هەشت مانگ سەرە بگری‌و چاوەڕوان بیت، لەولاشەوە ئەوەی پارەی پێیە چی بوێ‌ دەستبەجێ‌ لەنەخۆشخانەی تایبەتی بۆی دەكرێ‌، ئەوەشی پارەی پێنییە با بڕوا بۆ خۆی بەدەم دەردەوە بتلێتەوەو بمرێ‌!

 

کە چون بۆ سەیران ژینگه بپارێزن‌!
سەیرترین قسەی مەسرور بارزانی لەم دیبەیتەدا دەربارەی ژینگەی كوردستان بو، ئەو وتی "ژنیگه‌پارێزی ته‌نها ئیشی كۆمپانیایه‌ك نییه‌، به‌ڵكو ئه‌ركی هه‌موو هاووڵاتیانه‌، ده‌بێت تاك به‌و شێوه‌یه‌ بیربكاته‌وه‌ كه‌ هاوشێوه‌ی ماڵی خۆی کوردستانیش پاك رابگرێت‌و كە دەچێت بۆ سەیران زبڵ‌و پاشماوه‌ فڕێ نه‌دات"!
سەیری ئەم دیدە سادەو کۆمیدییە بکەن کە سەرۆک وەزیران وێرانبونی ژینگەی كوردستان لەزبڵ‌و پاشماوەی سەیرانكەراندا کورت دەکاتەوە!
وێرانبونی ژینگە یەكێكە لەكارەساتە گەورەكانی هەرێمی كوردستان‌و بگرە دەچێتە خانەی تاوانی "حكومەتی هەرێم"یشەوە، بەداخەوە بەهۆی نەبونی هوشیاریی ژینگەییەوە زۆربەی خەڵكی كوردستان سەرنجیان لەسەر ئەم كارەساتە گەورەیە نییە كە روبەروی ژینگەی كوردستان بوەتەوەو وەک زۆربەی پێشێلکارییەکانی تر بەرامبەری بێدەنگن، لەدوای راپەڕینەوە تا ئێستا سەدان دارستان‌و پاوان‌ وێرانبون، ئاوی سەر زەوی‌و ژێر زەوی كوردستان بەجارێ‌ ئالودەو پیس بوە، سەدان هەزار ئوتومبێل (كە زۆربەی بەرپرسی حزبەكان بازرگانی پێوە دەكەن) ئاسۆی شارەكانیان لێڵ‌و تاریك كردوە، بەنزینی كوالێتی نزم، پاڵاوگەی بێ‌ مەرجی پێویست‌و بێ‌ چاودێری بەرپرس‌و بازراگانە چاوچنۆکەکان، تێكشكاندنی روبەری سەوزەكان‌و كردنیان بەباڵەخانەی چیمەنتۆ، رۆژانە سەدان هەزار تەن لەزبڵ‌و خاشاكی شار‌و گۆند‌و نه‌خۆشخانه‌‌و ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌كان دەڕژێتە‌ ژینگه‌ی كوردستانەوە، كەچی سەرۆكی وەزیران پلانی بۆ پاراستنی ژینگە بریتییە لەئامۆژگاری كردنی ئەو هاوڵاتیانەی دەچن بۆ سەیران "زبڵ‌و پاشماوه‌ فڕێ نه‌دەن"!
ئەوەی بەسەر ژینگەی كوردستاندا هاتوە بەرێككەوت نییە، بەڵكو ئاقیبەتی ناشارەزایی‌و ناكارامەیی بەڕیوەبردنی حكومەتی هەرێمە كە نزیكەی 30 ساڵە هیچ پلان‌و ستراتیژیه‌كی زانستی‌و ته‌كنیكی بۆ پاراستنی ژینگە نییە. كارەساتی ژینگەی كوردستان لەوەوە سەرچاوە دەگرێ‌ كە دەسەڵاتدارانی هەرێم پاراستنی كورسی‌و دەسەڵات‌و پڕ كردنی گیرفانی خۆیان زۆر زۆر لەژینگەی سەوزو لەئاوو هەوای سازگارو لەجوانییەكانی سروشت بەلاوە گرنگترە.

 

هیچ کەسێک لەسەروی یاساوە نییە!
مەسرور بارزانی وای وت! ئەمە قسەكەی لویسی چواردەهەممان بیر دەخاتەوە كە هەر جارێ باسی یاساو دەستور دەکرا، دەستی دەخستە سەر سنگی‌و دەیوت "من دەستورو یاسام"!
جا سەرۆک وەزیرانی بەڕێز كە ئێوە خۆتان یاسا‌و دەستور بن، كێ‌ دەتوانێ‌ لەسەرو یاساوە بێت؟! ئەی ئەو هەمو هێزە چەكدارەتان بەناوی جۆراوجۆرەوە بۆ چییە؟ ئەی دادگاو داواكاری گشتی‌و ئەنجومەنی دادوەری حیزبیتان بۆ چییە؟! مەگەر پارتی‌و یەكێتی لەبەینی خۆیاندا ئەنجومەنی دادوەرییان دابەشیان نەكردوە، كەس هەیە نەزانێ‌ ئەم دادگاو داواكاری گشتی‌و دادوەرانە بەر لەوەی حاكمی یاسا بن، دادوەرو حاكمی حزب‌و كەسە دەستڕۆشتوەكانی حزبن‌و کێیان بوێ دەیگرن‌و کێشیان بوێ بەریئەدەن!
کەس هەیە ئەو راستییە نەزانێت کە لەكوردستاندا كێ‌ هێز‌و پارەی زۆرو شەقوەشێنی هەبێ‌ بەدڵنیایی بۆ خۆی یاسایەو كەسیش ناتوانێ‌ لەسەروییەوە بێت، نمونەش بۆ ئەمە زۆرە.

 

کۆمپانیا گەورەکان باج ئەدەن؟!
مەسرور بارزانی وتی "بۆ بابەتی باج، كۆمپانیای گه‌وره‌و بچوك له‌كوردستان هه‌ن‌و پابه‌ندن باج به‌حكومه‌ت بده‌ن، ئه‌گه‌ر هاوڵاتی باج بدات ده‌توانێت گوشار له‌سه‌ر حكومه‌ت دروست بكات، ئه‌گه‌ر هاووڵاتی هیچ به‌رپرسیارێتی نه‌بێت ناتوانێت ئه‌و گوشاره‌ش بكات. حكومەت‌ نایه‌وێت باج له‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ت قورس بكات، به‌ڵام كۆمپانیا گه‌وره‌كان ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی دروست سیسته‌می باجه‌كانیان رێكبخرێنه‌وه‌، هه‌وڵی جددیش هه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌و له‌داهاتوودا ده‌رده‌كه‌وێت".
چاوەڕوانین سەرۆك وەزیران ئەم هەنگاوە بنێت، چونكە ئێستا باجێكی زۆر لەسەر هاوڵاتیانی كەم دەرامەتەو كۆمپانیا گەورەكانیش (کە هەمو کەس دەزانێ هی کێن) وەك بەرزەكی بانان بۆ دەردەچن‌و باج نادەن، تەنانەت ئەو كۆمپانیا‌و كارگە گەورانەی كانزای ئەم وڵاتە وەك كەرەسەی خاو بەكاردەهێنن بۆ بەرهەمەكانیان پارەی كانزا سروشتییەكەش نادەن وەك كارگەكانی چیمەنتۆ! ئەمە جگە لەوەی كە كۆمپانیا گەورەكانی وەك كۆڕەك‌و ئاسیاسێل نەك وەك پێویست باج نادەن بەحكومەتی هەرێم، بەڵكو بەرپرسانی كورد هەوڵئەدەن حكومەتی عێراق لەو باجانەشیان خۆشبن كە لەسەریانە، کەچی لەملاشەوە هاوڵاتیان رۆژانە دادوبێدادیانە لەوەی خانوییەك یان ئوتومبێلێك دەكڕن‌و دەفرۆشن پارەیەكی زۆریان بەچەندین ناوی جیاوازەوە لێوەردەگیرێ‌!


پاشەکەوتی موچە دەبێت حکومەتی عێراق بیدات!
مەسرور بارزانی وتی "حکومەتی عێراق بەرپرسە لەدانەوەی پاشەکەوتی موچە نەک هەرێم".
کەواتە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پاشەکەوتی موچەکەیان فت! باشە کە فەرمانبەرانی هەرێم فەرمانبەری حکومەتی عێراق بن نەک حکومەتی هەرێم‌و ئەو موچەیەی وەریدەگرن موچەی عێراق بێت‌و موچەی فەرمانبەرەکانتان بۆ نەدرێ، ئیتر ئێوەی پارتی‌و یەکێتی کەش‌و فشی چییان بەسەردا ئەکەن؟!
پرسیارێک: ئێوە لای خۆی دەتانویست دەوڵەتی کوردی دروست بکەن‌و ریفراندۆمتان بۆ سەربەخۆیی دەکرد، ئایا ئاوا دەوڵەتتان بەڕێوە دەبرد؟!


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×