هێزەكانی توركیا لە تەلتەمر هێرش دەكەنە سەر دو خاڵی سەربازی حكومەتی سوریا
  2019-11-09       957       
چەند چەكدارێكی میلیشیاكانی سەربە توركیا

سوپای توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، هێرشیان بۆ سەر چەند گوندێكی پێدەشتەكانی تەلتەمر دەست پێكردوەو دو خاڵی هێزەكانی حكومەتی سوریایان لە ناوچەكە كردۆتە ئامانج.

ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هاوار نیوز، هێزەكانی توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی، چەند هێرشێكی كردۆتە سەر ژمارەیەك گوند لە پێدەشتەكانی تەلتەمر و هەواڵی كوژران و برینداربونی چەند سەربازێكی سوریا هەیە.

ئاژانسەكە بڵاویكردۆتەوە كە لە ئێستا هێزەكانی توركیاو چەكدارەكانی هاوپەیمانی هێرشدەكەنە سەر هەردو گوندی "قەبرا بچوك" و "ئوم شەعفا"و چەند گوندێكی دەوروبەری لە تەلتەمر.

هێماشی بۆ ئەوە كردوە كە هێرشەكە بە چەكی قورس و بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی هاوپەیمانی توركیا ئەنجام دەدرێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە هێزەكانی توركیاو چەكدارەكانی هاوپەیمانەكانیان دو خاڵی هێزەكانی حكومەتی سوریایان لەناوچەكە كردۆتە ئامانج و زانیارییەكانیش باس لە كوژران و برینداربونی ژمارەیەك سەرباز لە ریزی هێزەكانی حكومەتی سوریا دەكەن. 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×