ئەبوبەکر هەڵەدنی: هەرێمی کوردستان لەژێر هەژموونی سەربازی، ئابووری و فەرهەنگیی تورکیایە
  2019-11-10       1791       
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت ''بەهۆی بەرژەوەندیی حزبییەوەیە، حکوومەتی هەرێم توانای جێبەجێ کردنی بڕیاری دەرکردنی سوپای تورکیای نییە لە هەرێم''.

ئاوێنه‌: ساڵی ٢٠٠٣، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری ژمارە ٣٧ی دەرکرد بۆ دەرکردنی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان، کە پێکدێن لە زیاتر لە ٢٠ بارەگای سەربازی و سیخوڕیی، بەڵام هەتا ئێستا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە.

ئەبووبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەبارەی مەترسی بارەگاکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان، رایگه‌یاند: ''بەداخەوە دەوڵەتی تورکیا بوونێکی کاریگەری هەیە لە هەرێمی کوردستان، دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لەژێر هەژموونی تورکیادایە، چ لە ڕووی سەربازیی چ لە ڕووی هەواڵگری و ئابووری و تەنانەت کەلتوریش، کە فیلمە تورکییەکان هەیمەنی کردووە بەسەر هونەری کوردیدا، لەڕووی سەربازییەوە تورکیا چەندین سەربازگەی هەیە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا، ئەمانە دەزگای هەواڵگریشیان هەیە، بوونی ئەم هێزانە پێشێل کردنی سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستانیشە''.

لەبارەی هۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیاری ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دەرکردنی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارە بۆ رۆژنیوز وتی: ''بڕیارەکه‌ نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە وەک زۆرێک لە بڕیارەکانی پەرلەمان، جێبەجێنەکردنیشی پەیوەندیی بەو بەرژەوەندییە ئابوورییە گرێدراوانەی هەرێمی کوردستان بە وڵاتی تورکیاوە هەیە، کە زۆرینەی لە بەرژەوەندی تورکیایە، لە ئێستاشدا ڕەهەندێکی سیاسیی وەرگرتووە''.

هەروەها وتی: ''ئەم مۆڵگە سەربازیانە مەترسی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، هەر لە بنەڕەتدا ئەم بارەگایانە بۆیە لێرەن لەبەر ئەوەی لەهەر کاتێکدا بیەوێت ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان تێکبدات، دەوڵەتی تورکیا هەرێمێکی سەقامگیریی گەشەسەندوی ناوێت، هەرێمی کوردستانی دەوێت بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی، یەکێک لە هۆکارەکانی جێبەجێنەبوونی ماددەی ١٤٠ و نەگەڕانەوەی کەرکووک بۆسەر هەرێمی کوردستان دەوڵەتی تورکیایە، کە لەدواین لێدوانیدا بە شارێکی عەربی و تورکمانی ناوی دەبات، بۆیە بوونی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە مەترسییە گەورەکان''.

ئەبوبەکر هەڵەدنی، لەبارەی ئەوەی ئایا حکومەتی هەرێم ناچار نییە بڕیارەکانی پەرلەمان جێبەجێبکات، وتی: ''بڕیارەکانی پەرلەمان دەبێت لەلایەن حکوومەتەوە جێبەجێ بکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان حکوومەتێکی یەکگرتوومان نییە، دوو زۆنی زەرد و سەوزمان هەیە، لەبەر ئەوە جێبەجێ کردنی بڕیارەکان پەیوەست دەکرێت بە بەرژەوەندییە حزبییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتانی هەرێمی، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە بڕیارەکانی پەرلەمان جێبەجێ ناکرێ''.

ناوبراو بێ هیوابوو لەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان توانای دەرکردنی بڕیارێکی دیکەی هەبێت لەبارەی دەرکردنی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان و وتی: ''رۆژئاوای کوردستان هەموو کوردانی کۆکردەوە، بۆیە لەسەر ئاستی خەڵک هەڵمەتی بایکۆت کردن دەستیپێکرد، لەم ڕووەوە خەڵک پێش پەرلەمان کەوتووە، من ئومێدم بەوە نییە پەرلەمان بتوانێت بڕیارێک لەو بارەیەوە بدات، لەبەر ئەوەی بۆ باکووری سووریا پەرلەمان نەیتوانی بە دێڕێکیش باسی سوپای تورکیا بکات، ئەگەر وەک پەرلەمانتاریش پڕۆژە پێشکەش بکەین لەوبارەیەوە دەنگ ناهێنێت لەسایەی ئەو زۆرینە پەرلەمانییەی کە حزبە دەسەڵاتدارەکان دروستیان کردووە''.
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×