لەشەڕی ناو لیوایەكی پێشمەرگە لە بەردەڕەش دو كەس كوژران و كەسێك بریندار بو
  2019-11-10       634       

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لەناو لیوای 12ی پێشمەرگە لە بەردەڕەش، شەڕ لەنێوان چەند ئەفسەر و پێشمەرگە دروستبو، بەهۆیەوە دو کەس کوژران و یەکێکی دیکەش برینداربو.

 ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی كەناڵی روداو، شەڕەکە لە بارەگای لیوای12ی پێشمەرگە کە دەکەوێتە نێوان بەردەڕەش و مەندان لەنزیک چیای مەقلوب رویداوەو بەهۆیەوە رائیدێک و مولازمێک کوژراون.

سەرچاوەیەک لە ئاسایشی بەردەڕەش هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و وتی، بەڵێ شەڕ لەناو لیوای 12ی پێشمەرگە رویداوەو بەهۆیەوە دو کەس کوژراون و کەسێكی دیکەش برینداربوە.

 بەوتەی ئەو سەرچاوەیە ئەوانەی کوژراون و برینداربون پێكدێن لە: رائید سەباح حەمەد شێخە، خەڵکی شارۆچکەی خەلیفان، مولازم محەمەد شێخۆ عەلی، خەڵکی شارۆچکەی دینارتە، بریندارەکەش کوڕی رائید سەباحەو ناوی سەدادە.

ئەو سەرچاوەیەی ئاسایش لەبارەی ئەوانەی کە تەقەکەیان ئاڕاستەی کوژراو و بریندارەکان کردوە و تۆمەتباری روداوەکەن وتی "ئەوانەی تەقەیان لەو سێ کەسە کردووە بران و هەڵهاتون، بەڵام تاوەکو ئێستا شوێنەکانیان دیارنییە."

 وەک ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی پێدا، بکوژەکان خەڵکی شارۆچکەی سەروچاوەی سەر بە قەزای رانیەن.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×