رۆیتەرز: ئەمڕۆ لەبەغدا 22 خۆپیشاندەر بریندار بون
  2019-11-10       584       

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە كە ئەمڕۆ یەكشەممە لەئەنجامی بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ دژبە خۆپیشاندەران لەبەغدا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لانیكەم 22 كەس كەس بریندار بون ئەوەش دوای رۆژێك دێت لە ناچاركردنی خۆپیشاندەران بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە گۆڕەپانی سەرەكی خۆپیشاندانەكان لەبەغدا.

ئاوێنە: ئاژانسەكە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی پزیشكیی و پۆلیسەوە بڵاویكردۆتەوە كە بەشێك لەو بریندارانە بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

حەیدەر غەریب، خۆبەخشێكی فریاگوزارە لە نەخۆشخانەیەكی كاتی لە گۆڕەپانی تەحریر، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە، دۆخەكە هەروایە، هێشتا تەقە لە خەڵك دەكەن و بریندارەكان دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە. 

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز تا ئێستا، زانیاری نییە لەبارەی ئەوەی هیچ كەسێك ئەمڕۆ یەكشەممە كوژرابێت، بەوەش ئەمڕۆ دەبێتە یەكێك لە ئارامترین رۆژەكانی چەند هەفتەی رابردوی خۆپیشاندانەكان لەبەغدا.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ئاشكرایكرد، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە میانی خۆپیشاندانەكاندا تا ئێستا بونەتە قوربانی، گەیشتوەتە 301 كوژراو و 15 هەزار بریندار.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×