هەواڵەکانی رێککەوتنی موقتەدا سەدر و لایەنەکان سەبارەت به‌ مانه‌وه‌ی عەبدولمەهدی دووره‌ لە راستییه‌وه‌
  2019-11-11       494       
ساڵح محەمەد عێراقی نزیك لە سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رەتیكردەوە كە موقتەدا سەدر لەگەڵ هیچ لایەك رێككەوتبێت سەبارەت بە مانەوەی حكوومەتی ئێستا بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی و رایدەگەیەنێت كە موقتەدا سەدر لەگەڵ خۆپیشاندەراندایە و پاڵپشتی لە داواكارییەكانیان دەكات.

ئاوێنه‌: ساڵح محەمەد عێراقی كە دەگوترێت ماوەی چەند ساڵێكە روونكردنەوە و راگەیاندراوەكانی موقتەدا سەدر بڵاودەكاتەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا هاتووە، ''دەنگۆ و بانگەشەی زۆر لە میدیاكاندا بڵاوكراونەتەوە لەوەی گوایە موقتەدا سەدر لەگەڵ سەركردەی رێكخراوی بەدر، هادی عامری و ئێران رێككەوتووە بۆ ئەوەی حكوومەتی ئێستا بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی بمێنێتەوە، ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایان نییە و دوورن لە راستییەوە و تەنها بە ئامانجی چەواشكردنی رای گشتی بڵاوكراونەتەوە''.

ساڵح محەمەد عێراقی ئاماژەی بە تویتەكەی سەدری داوە كە رایگەیاندبوو، بڕۆ ئەی گەندەڵكار و وتی، ''ئەو تویتە ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە هێشتا موقتەدا سەدر لەگەڵ خۆپیشاندەرانە و پاڵپشتی لە داواكارییەكانیان دەكات بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی''.

ناوبراو ئەوەشی وتووە، ''بەسە بۆ ئێوە چی تر هەوڵی درۆ و چەواشەكاری بڵاومەكەنەوە، موقتەدا سەدریش لەگەڵ گەل دایە، با هەموو لایەك باش ئەوە بزانێت كە گەل و موقتەدا سەدر هەرگیز لە یەكتر جیانابنەوە''.

دوێنێ‌ شەممە هەندێك سەرچاوەی سیاسی و حكوومەتی عێراق رایانگەیاندبوو كە بەنێوەندگیری لایەنە سیاسییەكان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆكوەزیران بمێنێتەوە و درێژ بدات بەو چاكساییانەی كە راگەیاندووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×