سلێمانی: بەهۆی نەبونی مۆڵەت سەرتاشخانەیەك دادەخرێت
  2019-02-04       577       

بەھۆی پابەند نەبون بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن، لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەت سەرتاشخانەیەک دادەخات و سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت نەبونی مۆڵەت شوێنەکەی روبەروی داخستن کردۆتەوە.


ئاوێنە، قایمقامیەتی سلێمانی: تەھا سالح، سەرۆکی لیژنەی سەرتاشخانەکانی سەر بە لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند بەھۆی نەبونی مۆڵەتی تەندروستی و پیشەیی و سەرپێچیکردن لە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن و چەند جار ئاگادار کردنەوەی  سەرتاشخانەی (ڕێژوان) داخرا.


وتی "رۆژانە لیژنەکە سەردانی سەرتاشخانەکانی بازاڕ و گەڕەکەکانی شاری سلێمانی دەکات و لەکەموکورتیەکان ئاگاداریان دەکاتەوە و لە دوبارەکردنەوەی سەرپێچیەکاندا شوێنەکە دادەخات و خاوەنەکەی سزا دەدات".


رونیکردەوە یەکێکی تر لە سەرپێچییەکانی سەرتاشخانەی رێژوان بەکارھێنانەوەی شفرەیە بۆ دووەم کەبەپێی رێنماییە تەندروستیەکان رێگەپێدراو نییە لەبەر ئەوەی مەترسی گواستنەوی نەخۆشی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تری لێدەکرێت.


ھەروەھا وەرگرتنی نرخی زیاد لەو کەسانەی کە سەردانی دەکەن بەھەمانشێوە سەرپێچیکردنە لەمەرجەکانی کارکردن و زیادکردنی نرخ بەھیچ جۆرێک ڕێپێدراو نیە.


وتیشی "بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی سەرتاشخانەی (ڕێژوان) دادەخرێت تا ئەوکاتەی پابەندی مەرج و رێنماییەکانی کارکردن دەبن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×