ئەحمەد ئاڵتان: هەزاران بێتاوان لە زیندانەکانی تورکیادان
  2019-11-11       1885       

ئەحمەد ئاڵتان ڕۆژنامەنوسی دیاری بەرهەڵستکاری تورکیا هەفتەی پێشوو ئازادکرا، لە دوای ئازادکردنیشی چاوپێکەوتنێکی لە ڕێگەی سکایپەوە لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیتاڵی لا ڕیپەبلیکادا ئەنجامدا.

ئاوێنه‌: ئاڵتان لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی، ''ڕاستیەکان نەیانتوانی مل بە من شۆڕ بکەن، من بەهێزترم لە راستیەکان بە هیچ شێوەیەک خۆم بەدەستەوە نادەم''.

ڕۆژنامەنوسەکە لە ئاڵتان دەپرسێت ئایا لەو کاتەی کە تۆ چویتە زیندانەوە و ئێستا هیج گۆڕانکاریەک بونی هەیە، لە وەڵامدا ئاڵتان دەڵێت، ''ئەگەر بە ڕونی پێتان بڵێم هیچ شتێک گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، ئەوەی کە ئێستا من لێرە ئەم قسانە دەکەم ڕەنگە بێن و لەسەر ئەم قسانە دەستگیرم بکەن، بۆیە پێتان دەڵێم هیچ شتێک گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە''.

ڕۆژنامەنوسەکە لە ئالتان دەپرسێت، ئایا ئەم دۆخە تۆ بێزار دەکات، لە وەڵامدا ئاڵتان دەڵێت،'' نەخێر بۆخۆم بێزار نیم''.

ئاڵتان بۆ ماوەی ١١٣٨ ڕۆژ لە زینداندا مایەوە پاش ئەو ماوە زۆرە بە ئازادی شاد بوویەوە، لێمان پرسی چۆن دەتوانی بەو شێوەیە بە بەهێزی بمێنیتەوە لە وەڵامدا ئاڵتان وتی، ''ئەم دونیایە لەژێر دەستی خودادایە، ئەم ڕۆژگارە و ئەم ستەمانەی کە لە ئێستادا ڕوو دەدەن کاتین و تێدەپەڕن''.

ڕۆژنامەنوس: لە ژورەکەدا چەند کەس بوون، ئایا هاوڕێ بوون؟

ئاڵتان: لە ژورێکدا سێ کەس بوین بەڵێ هاوڕێ بوین، تەنانەت بۆ یەکێ لە منداڵەکان وەک باوکم لێ هاتبوو. هەست بەو ئازارە دەکەم کە ئەوم لەوێدا بەجێ هێشت. هاتنە دەرەوە لە زیندان بە تەواوەتی دڵخۆشیت پێ نابەخشێت. چونکە ئەو ڕاستیە دەزانن کە لە پشتی زیندانەکانەوە بە هەزاران کەسی بێتاوان بونی هەیە. هەبونی کەسی بێتاوان لە زینداندا من بریندار دەکات.

ئەحمەد ئاڵتان باس لە بە ئازارترین ئەو کاتانە دەکات کە بەسەریدا هاتووە و ده‌ڵێت: ''کاتێک کە براکەم دەستگیر کرا و ئەو کاتەی کە کچەکەمم بینی دەگریا.. ئەم دوو کاتە ئەو دوو کاتەن کە تیایاندا زۆرترین ئازارم چەشتووە. ئەمانە منیان بریندار کرد. ئەگەر کێشەکە بەس خۆم بم ئەوا خۆم دەتوانم پارێزگاری لە خۆم بکەم''.

ڕێژێمە خراپەکان دۆخی خراپ بۆ نوسەران دەڕەخسێنن، لە هەمان کاتدا هەلی گەورەش بۆ نوسەران دەڕەخسێنن. چونکە تەنها مۆمێک دەتوانێت ژورێکی تاریک ڕونبکاتەوە، لە ژورە تاریکەکەدا ڕونکای ئەو مۆمە لە ڕونکای ڕۆژ لە ڕۆژدا بەهێزترە.

لە ئێستادا ئاڵتان سزای ١٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، لە ئێستادا ئازاد کراوە بەڵام مەترسی ئەوە هەیە کە سەرلەنوێ بخرێتەوە زیندان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×