پەیەدە بۆ ئەسەد: رژێمەكەت هێشتا پەندی لە شەڕی سوریا وەرنەگرتوە
  2019-11-11       1883       

پارتی یەكێتی دیموكرات(پەیەدە)، لەوەڵامی لێدوانەكانی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریادا دەربارەی ئەم حزبە كوردییەی رۆژئاوای كوردستان، رایگەیاند، رژێمەكەت پەندی لە شەڕی سوریا وەرنەگرتوە كە تێیدا هەزاران سوری كوژران و ملیۆنان ئاوارە بون و سوریا كرایە گۆڕەپانی ناكۆكی نێودەوڵەتی و هێشتا سورە لەسەر ئەو رێبازەی خۆی كە هیچ شتێك بۆ سورییەكان  ناهێنێت جگە لە پەرتەوازەیی زیاتر.

ئاوێنە: پەیەدە، ئەمڕۆ دوشەممە، لەبەیاننامەیەكدا وەڵامی لێدوانەكانی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریای دایەوە كە لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی روسیا تودەی، پەیەدەی تۆمەتبار كردبو بەوەی كە "كێشەی سەرەكی" ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریایەو یەكەیەكی سەربازیی دروست كردوە بەناوی یەپەگە كە ئەمریكا پشتیوانیان لێدەكات و "لەگەڵ ئەمریكا پێكەوە نەوت دەدزن و بە قاچاغ دەیبەن."

لە پەیاننامەكەی پەیەدەدا هاتوە"وێڕای ئەو شەڕەی كە بوە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران سوری و ئاوارەبونی ملیۆنانیان و وێڕای ئەوەی سوریا لەئاكانی سیاسەتە زۆرەملێكانی رژێمی سوریا كرایە گۆڕەپانی ناكۆكی نێودەوڵەتی و دابەشكرا بۆ چەند ناوچەیەكی نفوز، لەگەڵ ئەوەش بەداخەوە رژێمە هێشتا پەندی تەواوی لێ وەرنەگرتوەو هێشتا سورە لەسەر گرتنەبەری ئەو رێبازەی كە هیچ شتێك بۆ سورییەكان ناهێنێت جگە لە پارچە پارچەبون و پەرتەوازەیی زیاتر."

پەیەدە ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە كە حزبە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان لەسەرو هەمویانەوە پەیەدە هەر لەسەرەتای ساڵی 2011وە یەكێك بوە لەو هێزە سیاسییانەی كە بەتەواوی داوای چارەسەریی سوری-سوری كردوە پاڵپشتی لە پرەنسیپی پێكەوەژیانی ئاشتیانەو زمانی گفتوگۆ كردوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە پەیەدە ئێستاش دژی هەر دەستتێوەردانێكی دەرەكییە لە پرسی سوریادا ئیدی ئەو دەستوەردانە ئیقلیمی بێت یاخود نێودەوڵەتی و وتوشیەتی"بەڵام حكومەتی سوریا بەردەوام بو لەسەر سیاسەتە سەركوتكارانەكەی خۆی و خۆی دزییەومە لە چارەسەرە سیاسی و دیموكراتییەكان و بەوەش سوریای كردە گۆڕەپانی جەنگی هێزە تیرۆریستەكان و هێزە نێودەوڵەتییەكان."

پەیەدە ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە كە لە شەڕی دژ بە تیرۆردا  مافی رەوای خۆیان بەرگریكردن لەخۆیان و خاكەكەیان لەبەرامبەر هێرشی تیرۆریستانداو لەو روەشەوە هەزاران شەهیدیان داوە لەپێناو ژیانێكی ئازادو شكۆداردا و ئەو بەرخۆدانەش وایكرد جیهان بهەژێنێت و دەرگا لەبەردەم هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتی تیرۆردا بكاتەوە.

وتوشیەتی"باشتر بو حكومەتی سوریا هەڵسایە بە بەرگریكردن لەهاوڵاتیان و خاكەكەی لەبەرامبەر رێكخراوە توندڕەوەكانداو لەگەڵ هێزەكانی گەلانی سوریادا یەك بگرێت بۆ بەدیهێنانی ئەوە، بەڵام حكومەتی سوریا بێدەنگی هەڵبژاردو وەك تەماشاكەر مایەوە لەكاتێكدا ئێمە روبەڕوی پاكتاو ببوینەوە لەسەر دەستی داعش."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەركی حكومەتی سوریا بو مەدالیای شەرەفی بدایە لە بەرۆكی هەریەكە لە هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزە سیاسییەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لەبەرامبەر رۆڵە قارەمانەكەیاندا دژ بە دوژمنان... بەڵام تەواو پێچەوانەی ئەوە دەبینین رژێمی سوریا نیشتمانیترین و دیموكراتیترین هێزەكان تۆمەتبار دەكات بە بەكرێگیراویی."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەم گوتارە شۆڤێنییە كە هۆكاری سەرەكی گەیاندنی سوریا بو بەم رۆژە، خزمەت بە یەكپارچەیی سوریا ناكات، خزمەتی چارەسەری كێشەی سوریاش ناكات بەڵكو بەتەواوی خزمەت بە دوژمنانی سوریاو خزمەتی دەستوەردانی دەرەكی دەكات و ئەو پارچە پارچەبونەی تێیدان پتەوتر دەكات. ئەم زمانی تەخوینكردنە سوریای وێران كردو وای لێكرد سەروەری و شكۆی خۆی لەدەست بدات."

هەروەها جەختیشی كردۆتەوە"ئێمە وەك پەیەدە...پشتیمان بە هێزی گەلەكەمان و ئیرادەی هێزە قارەمانەكانی خۆمان بەستوە و دەبەستین. تۆمەتەكانی سەرۆكی سوریا هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ئیرادەمان نابێت بۆ سوربون بەردەوامبون لەسەر ئەم رێبازە."

لەكۆتاییشدا وتویەتی"لەسەر ئەم بنمایە داوا لە تەواوی سورییەكان و تەواوی هێزە سیاسییەكان بە حكومەتی سوریاشەوە دەكەین واز لەهەمو ئەو كردەوەو گوتارانە بهێنن كە یەكگرتوییمان دژ بە داگیركاریی توركیاو دژبە دەستوەردانی دەرەكی لاواز دەكات و پێكەوە كاربكەین لەپێناو بەدیهێنانی چارەسەرێكی دیموكراتی دادپەروەرانە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×