هاوپەیمانان: زانیاری لەسەر ئەو هێزانە كۆدەكەینەوە كە شانبەشانی توركیا لەباكوری سوریا دەجەنگن
  2019-11-11       1453       

مالیز كاگینز، وتەبێژی رەسمی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەناوچەكە، رایگەیاند، لەگەڵ هەسەدە بەردەوامن لە شەڕ دژ بە داعش. ئاماژەی بەوەشدا كە هێزەكانیان لەناوچە سنورییەكانەوە بۆ حەسەكەو دێرەزور كشاندۆتەوەو ئیدی پاراستنی سنور ئەركی ئەمان نییە. ئاشكراشیكرد، زانیاری سەبارەت بەو هێزانە كۆدەكەنەوە كە شانبەشانی توركیا لەباكوری سوریا شەڕدەكەن.

ئاوێنە: ئەو قسانەی وتەبێژی رەسمی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەناوچەكە، ئەمڕۆ دوشەممە، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا هات لەگەڵ هەریەكە لە كینۆ گابرییل، وتەبێژی هەسەدەو، مستەفا بالی، بەرپرسی نوسینگەی راگەیاندنی هەسەدەدا.

كاگنیز رایگەیاند، ئەوان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات تاوتوێی ئەركی داهاتوی هەردولا و چۆنیەتی هەمەهانگی لە چالاكییەكانیاندا دژبە شانەكانی داعش لەناوچەكە دەكەن.

جەختیشی كردەوە كە ئەوان پابەندن بە تێكشكاندنی تەواوەتی داعش لەڕوی ماددی و ئایدۆلۆژییەوەو وتیشی"ئەوەش بە بەهێزكردنی پەیوەندییە بەردەوامەكانی هێزەكانمان دەبێت لەگەڵ هەسەدە لە دێریك-ەوە تا دێرەزور لەچوارچێوەی كاری هاوبەشی نێوانماندا."

سەبارەت بەو هێزە میلیشیایانەی لەهێرشەكەیدا بۆ سەر باكوری سوریا پشتیوانی توركیا دەكەن، كاگنیز رایگەیاند، ئەركی سەرەكی ئەوان تێكشكاندنی داعش و پاراستنی هێزەكانیانە لەناوچەكە، بەڵام هاوكات زانیاری لەسەر ئەو كەسانە كۆدەكەنەوە كە شانبەشانی توركیا لەناوچەكانی جەنگ لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا شەڕدەكەن.

جەختیشی كردەوە كە تێكشكاندنی داعش ئەركی سەرەكی ئەوانە نەك پاراستنی سنورەكان و وتیشی"هێزەكانمان لە سنور كشاندەوەو لە هەریەكە لە حەسەكەو دێرەزور جێگیربوین."

لەلای خۆیشییەوە مستەفا بالی، بەرپرسی نوسینگەی راگەیاندنی هەسەدە، سەبارەت بەو زیندانانەی كە دیلەكانی داعشیان تێدایە رایگەیاند، ئەوانە زیندانی سەرەتایین چونكە ماڵن و كراونەتە گرتوخانە و پاراستنێكی پێویستیان تێدا نییە.

جەختیشی كردەوە كە پاراستنی زیندانییەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان تەنها ناكەوێتە سەر هێزە ئەمریكییەكان چونكە ئەو دیلانە خەڵكی زیاتر لە 60 وڵاتیان تێدایە.

مستەفا بالی داوا دروستكردنی چەند زیندانێكی بە تایبەتمەندی جیهانییەوە كرد چونكە پێیان وایە بەشێك لە دیلەكان هەوڵ دەدەن دان بە تاوانەكاندا بنێن و ئەو زانیارییانە بدركێنن كە لایانە لەمیانی لێكۆڵینەوەكاندا، بەڵام دەترسن كە بكوژرین، چونكە نزیكەی 100 دیل لەیەك ژوردا زیندانی كراون.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×