سەدر بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ملیۆنی هەڕەشە لەئەمریكا دەكات ئەگەر دەستوەربداتە كاروباری عێراق
  2019-11-11       977       

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر، ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند، بێدەنگ نابن ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق بەسەرپەرشتی ئەمریكا بێت و هەڕەشەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی توڕەی ملیۆنی دەكات ئەگەر ئەمریكا جارێكی دیكە دەستوەربداتە كاروباری وڵات.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند"ئەمریكای داگیركەر جارێكی دیكە سەلماندی كە گێچەڵكارەو دەستوەردەداتە كاروباری ئەوانی دیكە."

سەدر ئەوەی خستۆتەڕو كە "عێراق، عێراقی گەلەو ئەویش بڕیار لە چارەنوسی دەدات بەتایبەت ئەگەر بزانین كە داگیركارییەكانی ئەمریكا گەندەڵكارانی هێنان و كردنی بە ملی گەلی عێراقەوە.ئەمریكا داوا دەكات كە هێڵی ئینتەرنێت نەپچڕێت لەكاتێكدا خۆی گەورەترین كۆنترۆڵكەری ئەو تۆڕەیە."

وتوشیەتی"واز لە دەستوەردان لە كاروباری ئێمە بهێنن، عێراق گەورەی هەن و دەتوانن بیپارێزن و پێویستی بە دەستوەردانی ئێوەو كەسی دیكە نییە."

هەروەك وتوشیەتی"لەگەڵ ئەوەی ئێمە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختمان كردوە بەڵام بێدەنگ نابین ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە بەسەرپەرشتی ئەمریكا بێت...رێگە نادەین ئەمریكا سواری شەپۆلەكە بێت بۆ ئەوەی عێراق بكاتە سوریاو بیكاتە گۆڕەپانێكی دیكەی شەڕ."

وتوشیەتی"ئەمریكا ئەگەر جارێكی دیكە دەستوەردان بكات كۆتایی بونی دەبێت لەڕێگەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی توڕەی ملیۆنی بە فەرمانی راستەوخۆی ئێمە."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ كۆشكی سپی داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی لەعێراق كردو هەروەها داوای راگرتنی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران و كردنەوەی هێڵی ئینتەرنێت كرد.
كۆشكی سپی وتبوی"عێراقییەكان دەستوەستان نابن بەرامبەر بە بردنی سەرچاوەكانیان لەلایەن رژێمی ئێرانەوەو بەكارهێنانی بۆ گروپە چەكدارەكان تا رێگریان لێ بكەن لە دەربڕینی بۆچونیاندا بەشێوەیەكی ئاشتیانە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×