''لایەنی گومانلێکراو لە بەغداد ماددەی تەقەمەنییان دروستکردووە دژی هێزە ئەمنییەکان بەکاریان هێناوە''
  2019-11-12       517       
وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند کە لایەنی گومانلێکراو ماددەی تەقەمەنییان لە بەغدا دروستکردووە، ھەروەھا ھێزەکانیان ژمارەیەک خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە کە شووشەی گڕگرتوویان ئاراستەی ھێزە ئەمنییەکان کردووە.

ئاوێنه‌: عەبدولکەریم خەلەف، وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق،  رایگەیاند، ھەندێک لایەنی گومانلێکراو لەنێو چێشتخانەیەکی ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت ، ھەستاون بە دروستکردنی ماددەی تەقەمەنی ، کەئەگەر ئەو ماددانە بتەقینایەتەوە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێدەکەوتەوە .

شایەنی باسە ئەو چێشتخانەیەش دەکەوێتە نزیک گۆڕەپانی تەحریر کە شوێنی کۆبوونەوەی خۆپیشاندەرانە و بۆ داوای لەکارخستنی حکوومەتی عێراق درێژە بەخۆپیشاندان دەدەن.

هاوکات عەبدولکەریم خەلەف پێناسی ئەو لایەنانە و ئامانجی دروستکردنی تەقەمەنییەکانی ئاشکرا نەکرد، تەنھا ئەوەی وت، ''ھێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە کە شووشەی گرگرتوویان ئاراستەی ھێزە ئەمنییەکان کردووە لە بەغداد''.

هەروەها وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رەتی کردەوە ھێزەکانیان ھیچ جۆرە گازێکی کوشندەیان بەکارھێنابێت، جەختی کردەوە لەوەی ئەو گازەی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکاردەھێنرێن تەنھا گازی فرمێسک رێژە کە لەبەریتانیا و ئەمریکاش پەنای بۆ دەبەن

جێگای ئاماژەیە لە رۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە، عێراق رووبەڕووی دووەمین شەپۆلی ناڕەزایەتی دژ بە حکوومەتی وڵاتەکە بووەتەوە، کەئەوەش دووەم شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانە کە دوای دوو ھەفتە لە شەپۆلی یەکەمی ناڕەزایەتییەکان سەری ھەڵدایەوە و تائێستا بەردەوامی ھەیە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×