سەرایا قودس: بەئاراستەكردنی مووشەك ژمارەیەك شاری ئیسرائلیمان بۆردومانكردووە لەنێویاندا شاری تەلئەبیب
  2019-11-12       771       

سەرایا قودس دوای بۆردوومانەکانی رایگەیاند، “بەئاراستەكردنی مووشەك ژمارەیەك شاری ئیسرائلیمان بۆردومانكردووە لەنێویاندا شاری تەلئەبیب”.
 
ئاوێنه‌: لەروونکردنەوەیەکدا سەرایا قودس باڵی سەربازی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی رایگەیاند لە وەڵامی كوژرانی سەركردە لەو بزووتنەوە، بەها بەو عەتا، بە ئاراستەكردنی مووشەك ژمارەیەك شاری ئیسرائیلیان بۆردومانكردووە لەنێویاندا شاری تەلئەبیب.

لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هاوکات لەگەڵ ئاراستەكردنی مووشەك لە كەرتی غەززەوە، زەنگی ئاگاداركردنەوە لە ناوەڕاستی ئیسرائیل لێدراوە كە شاری تەلئەبیب لەخۆ دەگرێت.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی رۆژنامەی “Israel Hayom” بڵاویكردەوە كە هێزی بەرپەرچدانەوەی مووشەكی ئیسرائیل ناسراو بە (گومەزی ئاسنین) ئەو مووشەكانەی لە ئاسمانی تەلئەبیب تێكشكاندووە كە لە كەرتی غەززەوە ئاراستە كرابوون.

پێشتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو كە لە ئاكامی ئۆپەراسیۆنێكی هێزەكانیان بۆسەر ماڵێك لە رۆژهەڵاتی شاری غەززە، سەركردە لە سەرایا قودس باڵی سەربازی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی، بەها ئەبو عەتا لەگەڵ هاوژینەكەی كوژراون.

لای خۆیەوە سەرایا قودس هەواڵەكەی پشتڕاستكردبوویەوە و رایگەیاندبوو كە لە هێرشێكی سوپای ئیسرائیلدا لە رۆژهەڵاتی شاری غەززە، بەها ئەبو عەتا لەگەڵ هاوژینەكەی كوژراون.

سەرایا قودس لە راگەیەندراوێكدا جەختیكردبوویەوە كە وەڵامدانەوەی كوژرانی بەها ئەبو عەتا بەجۆرێك دەبێت كە سنووری بۆ نابێت، دوژمن بەرپرسیاریەتی ئەنجامی ئەو تاوانە لەئەستۆ دەگرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×